ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی رایدەگەیەنێت، كە باندێكی گەورەی دزیكردنیان دەستگیر كردووە و ئەندامانی باندەكەش ڕووبەڕووی یاسا دەكاتەوە.
ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، دوابەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاری كە لە سەنتەری قەزای بازیان و شارۆچكەی بەردەقارەمان لە ڕێكەوتی شەوی ٢٠٢٣/٢/١٥ و ٢٠٢٣/٣/١٠ باندێك هەستاون بە دزیكردن لە دوو ماڵ كە بڕێكی زۆر لە پارە و ئاڵتون و مۆبایلیان بردووە، هەروەها ببوونە هۆی دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای دانیشتوانی قەزاكە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، پاش تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ڕووداوەكە، بە فەرمانی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوە هێزەكانیان لە ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوون و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی كردەوەكەدا، سەرەنجام بە پشتبەستن بە سەرچاوەی زانیاریەكان و ماندوبوون و شەونخونی هێزەكان، زانیاری وورد و پێویست لەسەر تۆمەتباران و ناسنامەیان بەدەست هات و لە چەند ئۆپراسیۆنێكی جیاوازدا سەرجەمیان كە پێكهاتبوون لە پێنج تۆمەتبار دەستگیركران.