بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت بڕیارێك درا


لە پارێزگای سلێمانی لە مانگی داهاتوودا رێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەكرێت و لەبەرمبەریشدا كارئاسانی بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو دەكرێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەمەبەستی رێگریكردن لە بەرزبونەوەی نرخی گۆشت و بەروبومی ئاژەڵی، لە دیوانی قائیمقامیەت، بە ئامادەبونی لێپرسراوان و نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتییەكانی (چاودێری بازرگانی، ئاسایشی ئابوری، تەندروستی و ڤیتێرنەری، كشتوكاڵی سلێمانی)، لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی پارێزگای سلێمانی كۆبونەوەی مانگانەی خۆی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەنراوەكە، لەو كۆبوونەوەیەدا لەسەر میكانیزمەكانی پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەكراودا گفتوگۆ كرا بەجۆرێك كە رێگری لە بەرزبونەوەی نرخی گۆشت و بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری بكات، لەهەمانكاتیشدا  خواستی هاوڵاتیان و پێداویست بازار پربكاتەوە، هاوكات گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیار درا (یەكەم: لە مانگی نیساندا و بە رەچاوكردنی لایەنی تەندروستی، كار ئاسانی بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندو بكرێت بەتایبەتی بەرخ. دووەم: لەپێناو پركردنەوی خواستی هاوڵاتیان و رێگری كردن لە بەرزبونەوەی نرخ، رێگری لە ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ بكرێت بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق. سێیەم: دروستبونی چەند لیژنەیەكی فەرعی لە قەزاو ناحیەكان كە بەدواداچون بۆ كێلگە پەلەوەرییەكان بكەن و لەژێر چاودێری بەرێوەبەرایەتی كشتوكاڵ لە  پرۆژە و كێڵگە پەلوەریەكاندا جوجكە تێبكرێت و رێكخستنەوەیان بۆ بكرێت).



PM:11:18:28/03/2023