جوتیار عادل: قوباد تاڵەبانی بندیوارە و مافی ئەوەی نیە باسی حکومەت بکات

وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە) وەڵامی لێدوانێکی قوباد تاڵەبانی دایەوە کە تیایدا هێرشی کردە سەری.

جوتیار عادل وته‌بێژى حكومه‌تی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، له‌ په‌یامى دووه‌مى شەوی ڕابردووی ڕایگه‌یاند" حکومەتی هەرێم پەرۆشی دۆخی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئاسەواری دوو ئیدارەی نەمێنێت و بتوانین بە بێ کۆسپ و تەگەرە و بە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاوڵاتیانمان بکەین".

دەشڵێت" ئەو لایەنە سیاسییەی کە قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتی دەکات، ڕێگرە لە کاروباری حکومەت و دامودەزگاکانی، هەروەها حکومەتی لە سنووری سلێمانی خستووەتە بن هەژموونی ئەجێنداکانی حیزبەکەی، بەو هۆیەشەوە هاوڵاتییانی ئەو دەڤەرە لە دۆخێکی ناهەمواردان".

لە درێژەی پەیامەکەیدا جوتیار عادل وەڵامی قوباد تاڵەبانی دەداتەوە و دەڵێت" بەداخەوە، لە جیاتی ئەوەی قوباد تاڵەبانی هاوکار بێت و لە کەناڵەکانی حکومەتەوە چارەسەری کێشەکان بکات، خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە و دەوام ناکات، بۆیە جێگری سەرۆک وەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نیە باسی حکومەت بکات و بڕیار لەسەر وتەبێژی حکومەت بدات". 


پەیامەکەی جوتیار عادل لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە) هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند" بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی دەخەینەڕوو کە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لەناو حکومەتدا، هەرگیز مافی ئەوەی نییە لەسەری قسە بکات بە ناوی حکومەتەوە، و ئێمە لێدوانەکەی ئەم دواییەی ئیدانە دەکەین". 


AM:08:27:08/04/2023