گۆڕانكاری لە شێوازی تاقیكردنەوەكانی 9ی بنەڕەتی دەكرێت


ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك بڕیاری سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی دەركرد.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لەپەیامێكدا رایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندی قوتابیان و خوێندكاران، ئاگاداری لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان كردۆتەوە كە تاقیكردنەوەی نیشتیمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی لە خولی یەكەمدا ( ڕۆژ نا ڕۆژێك ) دابنێن، بەجۆرێك  لە رۆژی 29ی (نیسان/4)ی 2023 دەستپێبكات و لە  رۆژی 10ی (ئایار/5)ی 2023 كۆتا تاقیكردنەوەی خولی یەكەم بێت، لەچەند رۆژی داهاتوشدا خشتەی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم بڵاوبكەنەوە. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، سەرپەرشتیاران بەشێوەیەكی چالاكانە ڕۆڵ دەگێڕن لە تاقیكردنەوەكان بە سەرپەرشتیارانی بنەڕەتی و ئامادەییەوە، دابەشدەبن بەسەر قوتابخانەكان (حكومی و ناحكومی) و لە قوتابخانەكان و هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دەمێننەوە. 

هەروەها وتویەتی "نابێت مامۆستایانی پۆلی 9ی بنەڕەت لە قوتابخانە (حكومی و ناحكومییەكان) چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی 9ی بنەڕەتی بن".



PM:06:09:09/04/2023