لێدوانی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی


لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە توندی سەركۆنەی هێرشەكەی توركیای بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەكەن.

ئەمڕۆ شاندی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و پەرلەمانتارانی عێراق و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە كە تایبەت بو بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا لەگەڵ سلێمانی و هێرشەكەی 7ی ئەم مانگە كە كرایە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، دواتریش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەسەرەتای كۆنگرەكەدا رایگەیاند، ئومێد دەكەن بە حیكمەتێكی باش و گفتوگۆیەكی شیاوانەی دەوڵەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی خۆجێی كاربكرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێت.

هەروەها عەباس زاملی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، سەردانی سلێمانیان كردوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بكەن و بەشێوەیەكی مەیدانی چونەتە شوێنی بۆردومانەكە و راپۆرتی خۆیان لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن.
 
ناوبراو روونیكردەوە، لە پاڵ سلێمانیدا دەوەستن لەو هێرشەی كە كراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و  بە توندی سەركۆنەی هێرشەكە دەكەن كە دەكرێتە خاكی عێراق بەتایبەتی ئەو هێرشەی كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.



PM:03:28:10/04/2023