سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ڕایدەگەینێت" هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت".
سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر پارێزەرێک و تاشینی سەری دەکات و دەڵێت" بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر پارێزەری ڕاوێژکاری محەمەد یابە سۆفی دەکەین، کە لە لایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووی نایاسایی هێرشی کرایە سەر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و ڕۆحی و شکاندنی سەر و ڕووخساری، وەک سووکایەتی سەریشی دەتاشرێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو پارێزەرە یەکێکە لە ئەندامانی سەندیکای پارێزەران و تا ئێستا و تەنیا لە پێناو پاراستنی مافە یاسایی و ئینسانییەکانی بریکاردار کاری پیشەیی خۆی ئەنجام داوە و داکۆکی لە مافی بریکاردار کردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بە پێی ماددەی ٢٢ی یاسای پارێزەرایەتی، هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەرە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە" پێویستە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان، بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەستگیر بکەن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر بگرنە بەر بۆ ئەوەی ڕێگە بگیردرێت لە تاوانی هاوشێوە".
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان جەختیشدەکاتەوە، لە پاڵ پارێزەری سکاڵاکار، سکاڵای خۆمین لە دژی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە تۆمار دەکەن و گشت ڕێکارە یاساییەکان دەگرنە بەر.