بەرپرسێكی یەكێتی: سەرۆكی حكومەتی هەرێم نیەتی ئاشتەوایی نیە


بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوە درێژكراوە) نیەتی ئاشتەوایی نییە، چونكە لەسەرەوە قسەیەك دەكەن و لەژێرەوە بۆمبێك دەتەقێننەوە بۆ لەباربردنی هەموو ئەو هەوڵانە.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە (دەنگی ئەمەریكا)ی راگەیاندووە، ئەم شێوازی دەربڕین و ئاخاوتنی سەرۆكی حكومەت ڕوونە، لەلایەك وەفدێك دەنێرێت بۆ گفتوگۆ و بەحساب بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ تیمی یەكێتی، لەلایەكی تر هێرشێكی توند دەكاتەسەر هاوبەشێكی ڕاستەقینەی خۆی لە حكومەت.  

وەردی روونیكردۆتەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم "نیەتی ئاشتەوایی نییه"، چونكە لە سەرەوە قسەیەك دەكات و لەژێرەوەش ڕەفتار و هەڵسوكەوتەكانی بەشێوازی تێكدانی نێوماڵی كورده.

هەروەها وتویەتی "ئەوان لەسەرەوە قسەیەك دەكەن و لەژێرەوە بۆمبێك دەتەقێننەوە بۆ لەباربردنی هەموو ئەو هەوڵانە، من پێموایە ئەو قسانەی ئێورەی یەكشەممەی سەرۆكی حكومەت پێش ئەوەی هێرش بێت بۆ سەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێرش بووە بۆسەر ئەو بەڕێزانەی كە ئەمڕۆ ناردونی بۆ لای كاك قوباد تاڵەبانی. بۆیە من پێموانییە ئەم جۆرە هەوڵانە شتێكی لێ سەوز بێت. " 



AM:09:47:18/04/2023