سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێی لەبارەی موچەوە ئاشکرا دەکات

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، خشتەی نوێ بۆ زیادکردنی موچەی فەرمانبەران هێشتا لەگەڵ حکومەت لە گفتوگۆدایە. دەشڵێت، "بەگوێرەی خشتەکەش، کەمترین موچەی فەرمانبەران ٤٢٥ هەزار دینار دەبێت".

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستاش حکومەت تاوتوێی خشتەی موچەی فەرمانبەران دەکات، بۆئەو مەبەستەش لیژنەی دارایی کۆبونەوە و گفتوگۆکانی دەستپێدەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەندامانی لیژنەی دارایی بڕوایان بەو هەموارکردنەوەیانە هەیە کە لەسەری رێککەوتون دادپەروەرانە دەبێت بەرامبەر ئەوانەی پلەیان نزمە.
دەشڵێت، بەگوێرەی خشتەکە کەمترین موچەی فەرمانبەران ٤٢٥ هەزار دینار دەبێت".
عەتوان عەتوانی باسی لەوەشکرد، ئەندامانی لیژنەی دارایی چاوەڕێی ئەوە دەکەن وەک پرۆژەیاسایەک رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت.
وتیشی، زۆربەی فەرمانبەران چاوەڕوانی ئەم خشتەیەن، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ یەکخستنی موچە و زیادکردنی.
ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی چوار ملیۆن فەرمانبەر لە عێراق چاوەڕوانی تەواوبونی خشتە نوێیەکەی موچەی فەرمانبەرانن، کە بڕیارە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی جیاوازیی ئاستی موچەی نێوان وەزارەتێک و وەزارەتێکی تر و بەرزکردنەوەی موچەی بنەڕەتی.



PM:07:19:22/04/2023