لێدوانی بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم لەسەر كێشەكانی ناوچەی پەڵكانە


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەزگا شەرعییەكان و دەستور و یاسا ئەو جێگەیەن كە دەبێت كێشەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكانی تێدا یەكلایی بكرێنەوە.

فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زۆری نیگەرانن لەو بارودۆخەی كە ناوبەناو ناوچەكانی سەرگەڕان و پەلكانە و شەناخە و ناوچەكانی پێشوتری وەك تۆپزاوا و تركەلان و یانچی رویاندا، هەمومان ئومێدێكی گەورەیان لەسەر كابینەكەی سودانی هەڵچنیوە و كارنامەیەكی هاوبەشی كوردییان هەیە لەگەڵ ئەم كابینەیەدا و لە چەندین وێستگەی جیاوازدا پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی كارەكانی حكومەت راگەیاندوە بەو ئومێدەی بتوانن ئەم كابینەیە ئەركە دیموكراسی و دەستوریەكانی بەرامبەر بە هەمو گەلانی عێراق جێبەجێ بكات. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، پێیانوایە عێراق و كوردستان بەرگەی ململانێی لەوە زیاتر ناگرێت و دۆخێك دروست دەبێت جگە لە تیرۆستان و ئەو كەسانەی كە دژی ئەم ئازادیەی كە هەیە هیچ كەسێكی سودمەند نابێت، لە یەكەمین رۆژی جەژندا گوندی پەلكانە دەكرێتە ئامانج بەداخەوە هەڵدەكوتنە سەر گوندنشینەكان و كوردانی ئەو ناوچەیە هەراسان دەكەن، لەكاتێكدا روینەداوە لە جەژندا لە جیاتی گەردن ئازادی چونە سەر ماڵی كورد و چاوسوركردنەوە روبدات.
 
فەهمی بورهان وتویەتی "لە كەناڵی جۆراو جۆرەوە نیگەرانییەكانمان لە دۆخی پەلكانە گەیاندوە و ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە رێگەی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و پەرلەمان و وەزیرەكانەوە نیگەرانیەكانی خۆمان راگەیاندوە و بەڕونی وتومانە ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئاشتی و پێكەوە ژیان دەخاتە مەترسییەوە، پێمانوایە كە چارەسەركردنی گرفتەكان تەنها بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەبێت، ئەگەرنا بەبێ گومان خەڵكی ئەو ناوچەیە بێپشت و پەنانین، بەڵام دەبێت دەستور بكەینە بنەما بۆ كێشەكان".



PM:02:29:23/04/2023