لێدوانی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر گرفتی داهات لە سلێمانی


وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت هیچ گرفتێك لە داهات لە سنووری سلێمانیدا نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە، بوونی گرفتە لە ئیدارەدانی داهات.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كوردستان٢٤)ی راگەیاندووە "لە سلێمانی گرفتی كەمی داهات نییە، بەڵكو گرفتی ئیدارەدانی داهات هەیە و خەڵكی سلێمانی و ئەو دەڤەرەش باجی ئەو خراپ ئیدارەدانەی داهاتەكانی ناوچەكەیان دەدەن".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "لە ماوەی رابردوو لە سلێمانی گرفتی كەمی دەرمان لە نەخۆشخانەكان هەبوو، ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە، بانكەكانی سلێمانی پابەندبكات بەوەی ئەو پارە نەختینەیەی بۆ دەرمان دادەنرێت، هاوشێوەی هەموو بانكەكانی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان نابێت بۆ هیچ مەبەستێكی دیكە بەكاربهێندرێت، بەڵام رێگریكردن لە كارەكانی حكومەت لەو دەڤەرە گرفتی بۆ هاوڵاتییان دروستكردووە".

جوتیار عادل وتوشیەتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەركردنی كێشەی دارایی لە سلێمانی بە ئەركی خۆی دەزانێت، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە هیچ هاوكارییەكی حكومەت ناكرێت".



PM:11:34:25/04/2023