دەزگای ئاسایش روونكردنەوە لەسەر دەستگیركردنی ئارام حەسەن و شەرمین عەلی دەدات


دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەستگیركردنی هەردوو هاوسەر ئارام حەسەن و شەرمین عەلی لەسەر كەیسی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەبڕین نییە، بەڵكو "ئەو دوو كەسە بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە بەتۆمەتی خراپ بەكارهێنان دەسەڵات راگیراون".

دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە هەردوو ڕاگیراو (ئارام حەسەن و شەرمین عەلی) "دۆسیەكەیان هیچ پەیوەندیەكی بە كاری ڕۆژنامەوانی و ڕێكخراوەیی و ئازادی ڕادەربڕینەوە نیە، وەك هەندێك كەس و لایەن و بەناو چالاكوان باسی دەكەن و ئامانجیان چەواشەكردنی ڕای گشتییە".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "ئارام حەسەن و شەرمین عەلی بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە بە ماددەی (341)ی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون، چونكە فەرمانبەری حكومەتن و هۆكاری دەستگیركردنەكەیان ڕونە".

راەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە لە ماوەی ڕابردودا خۆیان و پەڕاویان خراونەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و دادوەر بینیونی و وتەیانی وەرگرتوە و هەموو ڕێكارێكی یاساییان بۆ گیراوەتەبەر، دەزگای ئاسایش تەنها لایەنی جێبەجێكاری یاسایە.

دەزگای ئاسایش وتویەتی "بۆ بەرچاوڕونی هەموو لایەك لە رۆژی 2ی (ئایار/5)ی 2023 ڕێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی بۆ ئاگاداربون لە دۆخی ڕاگیراوان سەردانی گرتوخانەی ئاسایشیان كردوە و چاویان بەسەرجەم ڕاگیراوان كەوتوە و لە نێویشیاندا ئارام حەسەن و شەرمین عەلیان بینیوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوشدا كەسە نزیكەكانیان سەردانیان كردون و چاوپێكەوتنیان هەبوە".



AM:11:16:03/05/2023