بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێم: سبەینێ هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێدەكاتەوە


بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سبەینێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە دەست پێدەكاتەوە.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، بەپێی ڕێكەوتننامەی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ كە لە ٤ نیسانی ٢٠٢٣ جێبەجێكراوە دەبێت ئەم هەنگاوانە بنرێت..

یەكەم: مفاتحەكردنی بۆتاشی توركی لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم سبەینێ لە ڕێگای بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان و فرۆشتنی لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆ.

دووەم: ڕێكەوتنی سۆمۆ لەگەڵ كڕیارانی پێشووی نەوتی هەرێم سەبارەت بە میكانیزمیی نوێی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە هەمان نرخی بەرزی سۆمۆ وهەڵوەشاندنەوەی داشكاندنی نرخی نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی بەراورد بە نرخی سۆمۆ كە پێشتر بەهۆی ڕیسكی قانونی لەسەر نەوتی هەرێم و بڕیارەكانی ئەمدواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی ئەو دیسكاونتە ئەكرا.

سێیەم: ڕەزامەندی بانكی ناوەندیی عێراق لەسەر نووسراوی كۆمپانیای سۆمۆ بۆ كردنەوەی ئەژمێری بانكی لە ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بۆ ئیداع كردنی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان. 

چوارەم: ڕاسپاردنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دوا كۆبوونەوەی خۆی بۆ لیژنەیەكی وەزاری لە وەزیرانی (دارایی، پلاندانان، شارەوانی وئاوەدانكردنەوە) و فەرمانگەی قانونی ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا بۆ داڕشتنەوەی هەردوو بڕگەی مادەی ١٢ لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بە ئاڕاستەی لابردنی كۆتوبەندەكانی سەر ناردنی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم.




PM:09:20:12/05/2023