پڕۆسەی دەنگدان لەتورکیا دەست پێدەکات

سبەی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و ٢٨مین خولی پەرلەمان لە سەرتاسەری تورکیا دەست پێدەکات و هاووڵاتییان لە کاتژمێر٨ی بەیانییەوە تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە دەتوانن دەنگ بدەن.

لەم هەڵبژاردنەدا سەرۆککۆمار کە ماوەی خولەکەی پێنج ساڵە و ئەندامانی نوێی پەرلەمانی تورکیا هەڵدەبژێردرێن و بۆ ئەو مەبەستەش لە هەزار و ٩٤ بنکەی دەنگدان زیاتر لە ١٩١ هەزار سندوق دادەندرێن.

بڕیارە سبەی ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ هەزار و ٨٤٣ هاووڵاتیی تورکیا کە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە روو لە ناوەندەکانی دەنگدان بکەن.
پرۆسەی هەڵبژاردنیش لە کاتژمێر ٨ی بەیانی دەستپێدەکات و لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە کۆتایی دێت.

دەنگدەران لەڕێی کورتەنامەوە زانیاری ئەوەیان پێدراوە کە دەتوانن لە کوێ دەنگبدەن، ئەو کەسانەشی نامەکەیان پێنەگەیشتووە دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمی دامەزراوەی بالای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکەن و لەوێ بنکەکەیان بدۆزنەوە. ئەگەری هەڵبژاردنەکە بچێتە خولی دووەمەوە ئەوا دەنگدەر هەر لە هەمان بنکە دەنگدەداتەوە.
بردنە ژوورەوەی کامێرا و مۆبایل بۆ شوێنی دەنگدان قەدەغە دەکرێت.

دەنگدەر دوو پسوڵەی جیاواز کە یەکێکیان تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ئەوەی دیکەیان تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان، دەکاتە یەک زەرفی نامەوە و دەیکاتە ناو سندوقەکانی دەنگدانەوە.

سەرەتا دەنگەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەژمار دەکرێن و دواتر دەنگەکانی پەرلەمان.
پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رێوشوێنی جیاوازی لەو ١١ پارێزگایە گرتووەتەبەر کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە زیانیان بەرکەوتووە. دامەزراوەکە کەموکوڕییەکانی ئەو پارێزگایانەی دیاری کردووە، دواتر لەناو باخچەی ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەرکەوتووە کابینەی تایبەت بە هەڵبژاردنی داناوە.

لە رابردوودا چ قوتابخانەیەک کرابێتە بنکەی دەنگدان لە ئێستاشدا هەر هەمان ئەو قوتابخانانە دەکرێنەوە بنکەی دەنگدان.
ئەو دەنگدەرانەشی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە ماڵەکانیان رووخاون، تۆماری ناونیشانی ماڵەکەی لەکوێ بێت لەوێ دەنگ دەدات، هەروەها ١١٣ هەزار دەنگدەریش لە ناوچە کارەساتبارەکانەوە تۆماریان گواستووەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.

لە هەمان کاتدا ئەو دەنگدەرانەی بەهۆی نەخۆشی یان خاوەن پێداویستی تایبەتەوە لەسەر جێگان، لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن لەڕێی تیمی دەنگدانی گەڕۆکەوە دەنگبدەن.
هەروەها لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەکەم جار شێوازی تایبەت بە ئاماژەی بۆ کەسانی نابینا رەوانەی هەموو بنکەکانی دەنگدان دەکرێت و لەو رێگەیەوە دەنگ دەدەن.
لە دەرەوەی وڵات دەنگدان درێژەی هەیە
بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات کە سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٩٨ کەسن، لە ٧٥ وڵات و ١٥٦ نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە سندوقی دەنگدان دانراوە.
کارەکانی دەنگدان لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی وڵات لە نۆی ئایار کۆتاییهات و لە دەروازە گومرکییەکانیشدا کاتژمێر ٥ی  سبەی یەکشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ دەنگدان کۆتایی دێت.
کارتەکانی دەنگدان کە لە دەرەوەی وڵات دەنگیان لەسەر دراوە بە فڕۆکە و بە پۆستەی دیپلۆماتی براونەتەوە بۆ تورکیا و سبەی لە پاش تەواوبوونی دەنگدان لە ناوخۆی وڵات لەیەک کاتدا لەگەڵ کارتەکانی دەنگدانی ناوخۆی وڵات بەیەکەوە دەکرێنەوە و جیادەکرێنەوە.

کاندیدانی سەرۆککۆمار
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەلام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە ١١ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیایە ٢٤ پارت و ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن.
پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی "جمهوور، میللەت، ئاتا، کار و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
لە چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی "هاوپەیمانی جمهوور" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە.

هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە.
هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "هاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن.

بنکەکانی دەنگدان
بنکەکانی دەنگدان داخراون، بە شێوەیەک کە نهێنیی دەنگەکان و ئازادانە دەنگدانی دەنگدەران دەستەبەر دەکەن و رێگە نادرێت لە دەرەوە چاودێری ناوەوە بکرێت.
ئەو ئەندامانی پارتەکان کە لەسەر سندوقەکانی دەنگدانن، لەگەڵ کاندید و چاودێران، نابێت هیچ ئاماژە و نیشانەیەکیان پێبێت کە ئاماژە بە حزبەکەیان بکات.
بەر لە دەستبەکاربوونیان بەرپرسی و کارمەندانی ناوەندەکانی دەنگدان سوێند دەخۆن و پشکنین بۆ سندوقەکان دەکرێت.
رێکخستنی ناوچەی سندوقی دەنگدان لە ئەستۆی بەرپرسی لیژنەی سندوقی دەنگداندا دەبێت. ئەو کەسانەی گوێ لە رێنماییەکان ناگرن و هەوڵی تێکدانی ئەو شوێنە دەدەن کە سندوقی دەنگدانی لێیە، لەلایەن بەرپرسی لیژنەوە لە شوێنەکە دەکرێنە دەرەوە.

ئەو رێوشوێنانەی کە لە ناوچەی سندوقی دەنگدان دەگیرێنەبەر بەجۆرێک نابێت کە دەنگدەران نەتوانن چاودێری کارەکانی سندوقی دەنگدان بکەن.
لە کاتی پرۆسەی دەنگداندا ئەولەویەت دەدرێتە ژنانی دووگیان، نەخۆشان، کەمئەندام و بەساڵاچووان.
نابێت هیچ کەسێک دەستوەردان بکات، پێشنیار بکات یان ئامۆژگاری دەنگدەر بکات سەبارەت بەو دەنگەی کە دەیدات. دەنگدەر دوای دەنگدان سندوقی دەنگدان بەجێدەهێت.
قەدەغەکراوەکانی رۆژی هەڵبژاردن

لە چوارچێوەی قەدەغەکراوەکانی رۆژی هەڵبژاردندا، سبەی لە کاتژمێر ٦ بۆ ١٢ خواردنەوە کحولییەکان نافرۆشرێن، هەروەها پێدان و خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە دەبێت. شوێنەکانی کات بەسەربردن لە ماوەی دەنگدانەکەدا بە داخراوی دەمێننەوە. لەو چێشتخانانەی کە شوێنی کات بەسەربردنن تەنیا رێگە بە پێدانی خواردن دەدرێت.

لە دوای کاتژمێر ٦ رێگە بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی هاوسەرگیری دەدرێت بە مەرجی پابەندبوون بە قەدەغەکراوەکانی هەڵبژاردن و رێسا دیاریکراوەکان.
هەڵگرتنی چەک قەدەغەیە، جگە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری. رادیۆ و هەموو جۆرە ئۆرگانەکانی پەخش تا کاتژمێر ٥ی رۆژی هەڵبژاردن ناتوانن هەواڵ و پێشبینی و تێبینی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاو بکەنەوە. تەنها بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵ و راگەیەندراوانە رێگەپێدراوە کە لە لایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژرادنەکان لە تورکیا دەدرێت.

لە چ حاڵەتێکدا دەنگ هەژمار ناکرێت؟
ئەگەر مۆری "بەڵێ" یان "هەڵبژێرە" لەسەر زیاتر کاندیدێک یان زیاتر لە پارتێک بدرێت کە لە یەک هاوپەیمانیدایە، ئەوا دەنگەکان هەژمار ناکرێت.
دڕاندنی کاغەزی دەنگدان، لێدانی هەر هێما یان مۆرێکی تایبەت، بوونی ناو، واژوو یان پەنجەمۆر لەسەر کاغەزەکە، دەنگەکە پووچەڵ دەکاتەوە.



PM:03:35:13/05/2023