ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. هونەرمەندێکی کورد دەستگیرکرا

بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە جەژنی نەورۆز لە شاری ئاودانانی ئیلام تا شاری شنۆ هونەرمەند بەردین جەعفەری ناسراو بە (حەمزە جەعفەری)، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە شاری گیەڵان دەستگیرکرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ هەینی هێزە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشیانکردە سەر ماڵی حەمزە جەعفەری ناسراو بە (بەردین) لە هونەرمەندان و چالاکوانانی مەدەنی شاری گیەڵان و دەستگیریانکردووە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" هێزەکانی ئێران کە دەمووچاویان بە دەمامک داپۆشیبوو و چەکداریش بوون، بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و لەسەر دیوارەوە چوونەتە نێو ماڵی بەردین". 

بەردین جەعفەری لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆزی شاری گیەڵان کە سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان بە بەشداری زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو، چەندین سروودی حەماسی یەک لەوان (پایار بمێنی کوردستانەکەم)ی خوێند.

بەردین جەعفەری پێشتر بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، نەورۆز و بەرخۆدانی عەفرین سروودی (ژن، هاوزوان، یەکەشناس و نیشتمان)ی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە.

شایانی باسە بەردین جەعفەری سەرەڕایی چالاکی هونەری لە بواری مەدەنیش چالاکی هەبووە و لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵ زەهاو و لافاوی لوڕستان ڕۆڵێکی کارای هەبووە.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ٣٢ هاوڵاتی کوردیان بەهۆی بەڕێوەبردن و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لە شارەکانی کارزان، ئاودانان، مەڵکشای، ئیلام، گیەڵان، بۆکان و سنە، پیرانشار، میاندواو و شنۆ دەستبەسەر و سەدان کەسی دیکەیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکردووە.


PM:01:35:04/05/2024