کارەبا: ئەگەر سووتەمەنی تەواومان هەبێت رەنگە نزیک بینەوە لە پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری

بریکاری وەزارەتی کارەبای (حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوە)ی هەرێم رایگەیاند:" ئەگەر سووتەمەنی تەواومان هەبێت رەنگە نزیک بینەوە لە پێدانی ٢٤ کاتژمێریی بەڵام بۆ ئێستا ناتوانین و ٩٥٪ی پێوەری زیرەک تەواو بووە".

کامیل قەزاز بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پەیوەندی بە چەند شتێکەوە هەیە، ئەو کارەبایەی کە پێویستە ئێمە بیدەین بە هاوبەشان، نزیک دەبێتەوە لە حەوت هەزار مێگاوات، ئێمە ژێرخانی سەرووی حەوت هەزار مێگاواتمان هەیە، واتا وەکو ژێرخان هەمانە، بەڵام لەسەر ئەرزی راستی توانیوومانە چوار هەزار تا چوارهەزار و ٥٠٠ مێگاوات بەرهەم بهێنین".

ئەوەشیخستەڕوو:"کێشەی سەرەکی نەبوونی سووتەمەنی پێویستە، هەروەها کێشەی هونەریی هەیە، بۆ نموونە وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاواتە و دوو یەکەیە، جاری وا هەیە هەردوو یەکە بەیەکەوە کوژاوەتەوە، بۆیە ئەگەر سووتەمەنی تەواومان هەبێت رەنگە نزیک بینەوە لە پێدانی ٢٤ کاتژمێریی".

بەوتەی بریکاری وەزارەتی کارەبا، رێژەی ئەو کارەبایەی پێشتر بە فیڕۆچووە رێژەی لەسەدا ٣٥ بۆ سەدا ٤٠ بووە، بەڵام دوای دانانی پێوەری زیرەک و بڕینی سەرپێچییەکان بە هەوڵی هەموولایەک، توانیوومانە ئەو رێژەیە دابەزێنین.





PM:02:59:24/05/2023