"پێشبینی ئەکەین هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بدرێت"

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" دۆسییەی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرەو كۆتایی ئەچێ‌ و پێشبینی ئەكەین هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێ". 

یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی دژی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی هەشتەمین دانیشتنی خۆی سەبارەت بە دۆسیەی داواكەمان (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢)و، داوا هاوشێوەكانی سەبارەت بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجام دا، پێشتر لە ٣/ ٥/ ٢٠٢٣ دادگاكە بڕیاری دا كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وەك كەسی سێیەم بهێنێتە ناو دۆسییەی دادبینییەكەوە بۆ زانینی رۆڵ‌ و توانایان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، چونكە بەندە لە ١٥/ ١/ ٢٠٢٣ لە دووەم دانیشتنی دادبینی دۆسیەكە، لە تیانوسێكدا داوام لە دادگا كرد كە بەهۆی ناكارابوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بڕیار بدات هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەبچێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوی ژمارە (خ/ ٢٣/ ٤٨٦) لە (٢٢/ ٥/ ٢٠٢٣) وەڵامی دادگای باڵای فیدڕاڵییان داوەتەوە و ئەمڕۆش نوێنەریان لە دادبینییەكە ئامادە بوو، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وەڵامی دادگای فیدڕاڵی، ئەوەیان دوپاتكردەوە كە ئەوان بەپێی یاساكەیان ئەتوانن پێڕەو و رێنمایی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دابنێن‌ و سەرپەرشتی بكەن‌ و رێكیبخەن، هەر بۆیەش دادگا بڕیاریدا كە نوسراوەكەیان وەربگرێ‌ و بەشدارییان لە دۆسییەكە كۆتایی پێبهێنێت‌ و كۆتایی بە دادبینی بهێنێتەوە و رۆژی ٣٠/ ٥/ ٢٠٢٣ دابنێ بۆ راگەیاندنی بڕیارەكەی سەبارەت بە كۆی دۆسییەكە.

ڕاشیگەیاندووە" هەڵبەت لە دانیشتنی ئەمڕۆدا سەرۆكی دادگا ئاماژەی بە دوو داواكاری سەرۆكی پەرلەمان وەك (داوا لەسەر كراو) كرد، كە یەكێكیانی پەسەند كرد و دووهەمیانی رەدكردەوە، دۆسییەی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرەو كۆتایی ئەچێ‌ و پێشبینی ئەكەین هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێ ئەگەر هیچ روداوێكی لەناكاو نەیەتە پێشەوە". 

یوسف محەمەد دەشڵێت" پرسیاری جەوهەری ئەوەیە كە داخۆ كەی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی بەبێ دادی، پێشێلكردنی یاسا، باڵایی حیزب‌ و خێزان‌ و كەسە دەستڕۆشتوەكان بەسەر دامەزراوەكانی هەرێم دێت!؟ 
لەو بڕوایەداین كە بە هەوڵ‌ و ئیرادەی بێ وچانی بە كۆمەڵی هەمومان، ئەتوانین حوكم‌ و دەسەڵاتێكی زۆر باشتر لەم دەسەڵاتە دیفاكتۆ شكستخواردوانەی ئێستا، بونیاد بنێین". 


PM:11:06:24/05/2023