نوێترین زانیاری لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتە کاتژمێرەکانی کۆتایی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و سەرۆکی پەرلەمانیش دەلێت، "ئەمشەو یان سبەینێ راپۆرتى کۆتایی تەواو دەبێت".

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیای فەرمی پەرلەمانی رایگەیاند، "کە لەگەڵ لیژنەی دارایی قسەی کردووە و گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی نوسینی راپۆرت لەسەر پرۆژەیاساکە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەیە سبەینێ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، بۆ سێ ساڵی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیر کراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا بە رێژەی لە ١٢.٦٧٪ جێگیر کراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجە دا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دا دەبێت.



PM:08:13:26/05/2023