سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەن

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سبەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستیپێبکات. دەشڵێت، ئەگەر زیاتر لە پشكی دیاریکراو بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان کە ٣٧٥ هەزار تۆنە بەرهەم هەبێت، لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بڕیارێکی نوێ دەدات".
 
رۆژی هەینی، ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٣، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "سبەی سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە و پڕۆسەی وەرگرتنەکە دەستپێدەکات".
 
لەبارەی ئەو بڕەی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و بەشێک لە جووتیاران بە کەمی دەزانن، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "بۆ هەرێمی کوردستان ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم دیاریکراوە وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر بەرهەم لەوە زیاتر بوو، ئەو کاتە لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بڕیار دەدات بۆ وەرگرتنی بڕێکی زیاتر گەنم."

دوێنێ پێنجشەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت". وتیشی: "چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک ستەمێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم بڕمان بۆ دیاری دەکەن''.
 
بڕیار بوو دوێنێ وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ بکردایە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەکنیکی و نەگەیشتنی "سیدی" ناو و زانیاری لەبارەی جووتیارانەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیار دراوە رۆژی شەممە لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی گەنم دەستپێبکات.
 

 


PM:10:27:26/05/2023