لێدوانی نوێی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغداد


حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "هەر كاتێك كەشێكی ئەرێنی و پەیوەندیەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا باش دەبن، گروپێك هەن دەیانەوێت ئەو كەشە تێكبدەن".

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاندووە، ئەو رێكەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە بریار بوو بكرێتە بنەمایەك بۆ پرۆژەیاسای بودجە، بۆیە ئەو گۆڕانكاریانەی كراون پێچەوانەی رێكەوتنەكەن، دەبێت بودجەی عێراق ئیستحقاقی هەردولا زامن بكات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەسیاسەتكردنی ئەم بابەتە و بەلاڕێدابردنی لەقازانجی هیچ لایەنێك نیە، هەر كاتێكیش كەشێكی ئەرێنی و پەیوەندیەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا باش دەبن، گروپێك هەن دەیانەوێت ئەو كەشە تێك بدەن، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت هەرێم و بەغدا مكوڕ بن لەسەر كەشە ئەرێنیەكە، دەتوانن گرفتەكان تێپەڕێننن".

وتەبێژی حكومەت روونیكردۆتەوە "وەكو حكومەتی هەرێم سورین لەسەر هەڵوێست و جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە، ئەو رێكەوتنەش بەئیرادەیەكی ئازادانە واژۆكراوە و هیچ لایەنێك بەناچاری واژۆی ئەو رێكەوتنەی نەكردوە، وەكو حكومەت جەختی لەسەر دەكەینەوە، ئێستاش محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ ئەوەدایە رێكەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و ئیرادە و ویستێكی راستەوخۆی بەهێزی هەیە".



AM:11:11:31/05/2023