لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی (سلێمانی و تورکیا) زانیاری نوێ دەخرێتەڕوو

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە مانگی تەموزدا هەواڵی خۆش لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی دەبیستن، ئەو دۆخانە بەشێوەیەک تێدەپەڕێین کە بچێتە ئاستێکی دیکە". 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە دووەمین كۆڕبەندی ئابوری سلێمانی، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی (سلێمانی و تورکیا) ڕایگەیاند" مانگی داهاتوو لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەواڵی خۆش دەبیستن، ئەو تەحەدایەی لەسەرمان ئەنجامدا توانیمان لە رێگەی هێڵی ئاسمانی قەتەریە و هێلەکانی دیکەوە بیگۆڕین، لەبری ئەوەی وەک پێشوو هەفتەی گەشتێک بێت، ئێستا هەفتەی حەوت رۆژ گەشت هەیە".

وتیشی" (٦٠٪)ی پیشەسازییە هەمەجۆرەکانی هەرێمی کوردستان تەنها لە سلێمانییە، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش (٣١٪)ی پیشازییەکانی وەک چیمەنتۆ، شیش، بلۆک، ئەلەمەنیۆن و pvc دەکەوێتە شاری سلێمانی".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ زۆرترین بڕی گەنم لە سلێمانی بەرهەمهاتووە، هەروەها لەسەر ئاستی گەشتیاریش لە یەکەمداین، بەهۆی پشتگیری وڵاتان و رێکخراوەکان، رێژەی بێکاری و هەژاری لە سلێمانی کەمترینە. 


PM:04:16:08/06/2023