سبەینێ یەكەم كاروانی ئەو كەسانەی فەریزەی حەج بەجێدەگەیەنن بەڕێدەكەون


بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی  هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سبەینێ یەكەم كاروانی ئەو كەسانەی فەریزەی حەج بەجێدەگەیەنن بەڕێگای وشكانی بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، ئاگاداری سەرجەم ئەو كەسانە دەكەنەوە كە بە ڕێگەی وشكانییەوە گەشت دەكەن پەیوەندی بە خاوەن كۆمپانیاكانی حەج و عومرە بكەن بە مەبەستی هەماهەنگی و دانەبڕان لە كاروانەكانیان لە وادەی دیاریكراوی خۆیاندا، چونكە وا بڕیارە حاجیانی هەولێر و دهۆك بەر لە كاتژمێر 6:30 ی بەیانی لە دەروازەی پردێیەوە بچنە ناو كەركوك و حاجیانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیش لە هەمان كاتدا لە رێگەی چیمەنەوە بگەنە كەركوك.

راگەیەنراوەكە ئاگاداری كەسوكاری ئەو كەسانەش دەكاتەوە كە لە شوێنەكانی خۆیان ماڵئاوایی لە كەسەكانیان بكەن، چونكە بە هیچ شێوەیەك رێگەیان پێنادرێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان یاوەری كاروانی ئەو كەسانە ببن و هەمو پاسەكان بەیەك كاروان دەچنە ناو كەركوك و لەوێیەوە بەرەو سعودیەوە بەڕێدەكەون بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.

بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە رونیكردۆتەوە، سبەینێ 690 كەس بەڕێ دەكەون و رۆژی 13ی ئەم مانگەش یەكەم كاروانی ئەو كەسانەی فەریزەی حەج بەڕێدەكەون كە بە ڕێگەی ئاسمانی لە ڕێگەی فڕۆكەخانەكانی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانیەوە بەرەو سعودیە گەشت دەكەن.



PM:08:16:08/06/2023