دواى نقومبونى بەلەمێکى کۆچبەران نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستى خۆى راگەیاند

دوای ئەوەی بەلەمێک لە کەناراوەکانی یۆنان نوقم بوو، کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ڕێوشوێنی توند بەرامبەر بە قاچاخچی و بازرگانانی مرۆڤ بگرنەبەر.

جێرمی لۆڕێنس، وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند:" ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە ڕویدا، جەخت لەسەر پێویستی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی قاچاخچێتی و بازرگانانیکردن بە مرۆڤەوە دەکاتەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەدرێنە دادگا".

شایەتحاڵەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ٤٥٠ بۆ ٧٥٠ کەس لە نێو ئەو بەلەمەدا بوون کە بەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردو لە نزیکەی ٨٠ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی پیلۆسی  وڵاتی یۆنان، نقوم بوو.

بەگشتی ١٠٤ سەرنشین ڕزگارکراون و دەسەڵاتداران هۆشداریانداوە کە ئەگەری دۆزینەوەی ڕزگاربووان کەم دەبێتەوە، چونکە بەلەمەکە لە ئاوە "زۆر قووڵەکاندا" نوقم بووە.

پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیک ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەی ڕزگارکراون هەموویان لە رەگەزی نێر بون  بریتین لە ٤٣هاووڵاتی میسری، ٤٧هاووڵاتی سووری،١٢ هاووڵاتی پاکستانی و دوو فەلەستینی. هەشت لەو کەسانەی کە ڕزگارکراون، تەمەنی خوار تەمەنی یاسایی بوون".

بەگوێرەی وتەبێژی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، بە مەزەندەکردن ٧٥٠ سەرنشین لە کەشتییەکەدا هەبوون، کە لانیکەم ٤٠ منداڵ هەبووە.


یۆنان یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی پەنابەران و کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقا بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی سێ هەزار و ٨٠٠ کەس لە ڕێگاکانی کۆچکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تۆمارکراوە.



PM:10:30:16/06/2023