خواناس وریا، لەسەر رەخنەی ئاینی رۆحیان لێسەندەوە
"هیچ تاوانێک بایی ئەوە نییە تۆ ڕۆح لەمرۆڤێک بسەنیتەوەو بیکوژیت"


خواناس وریا، گەنجە بەهەرەمەندەکەی چەمچەماڵ، هونەرمەند و شێوەکار و نوسەرو وەرزشوان، دوێنێ ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەناو جەرگەی بازاڕی چەمچەماڵ،  ناسیاوێکی گەنج کە لەسەر بیروڕای ئاینی لەگەڵیدا ناگونجێت، لە ماتۆڕەکەی دادەبەزێت و بەسەرێکی ساردەوە شەش فیشەکەی پێوە دەنێت و دەیکوژێت و، سواری ماتۆڕەکەی دەبێتەوەو هەڵدێت، خواناس وریا پێشتر لە سەر کووشتن کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەڵێت" " هیچ تاوانێک بایی ئەوە نییە تۆ ڕۆح لە مرۆڤێک بسەنیتەوە و بیکوژیت"، خۆی بووە قوربانی رێگای رەخنەی ئاینی و رۆحی لێ سەندرایەوە.

خواناس وریا گەنجێکی ٢٥ ساڵەی چەمچەماڵە کوڕی باوکێکی نووسەرە، لە خێزانێکی رۆشنبیر لە دایکبووە، وەک خۆی لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " هەموو سوپاسەکانم بۆ باوکمە، وریا گلی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک تەنها حەوت ساڵان بووم، دەرگای یەکەم کاری نواندنی بۆکردمەوە کە ڕێگایەک بوو بۆ هەموو سەرکەوتنەکانم".

خواناس وەک هونەرمەندێکی ئەو شارۆچکە پڕ جەنجاڵی و پشێوە لەو تەمەنە کەمەدا بە بەهرەیەکی زۆرەوە دەستی بەکاری هونەری کردووەو لە چەندان بابەتی هونەریدا بەشداریکردووەو، چەندان خەڵاتی وەرگرتووە، هاوکات لەگەڵ کاری نواندندا شێوەکار و نوسەریش بووە، لەبواری وەرزیشدا پاڵەوانی کۆنفۆ و شاوڵین بووە، ئەو کە تەمەنی ٢٥ ساڵە، خاوەنی خێزانە و منداڵێکی دوو ساڵانی هەیە.
وەک باوکی وریا گلی ئاماژەی بۆ دەکات لەبەر بێکاری و وەک زۆرێک لە گەنجەکانی ئەو دەڤەرە و هەرێم رووی لە وڵاتی ئیمارات کردووە بۆ کارکردن، دوور رۆژ پێش رووداوەکە گەڕاوەتەوە شارەکەی و ئێوارەی پێنج شەممە لەگەڵ هاوڕێکانی سەرقاڵی پرۆڤە بووە بۆ کارێکی هونەری نوێ، دوای تەواوبوونی پرۆڤەکەی بۆ ماوەیەکی کەم لە هاورێکانی دوورکەوتۆتەوەو، ئەم گەنجە توندڕەوەی کە ناسیوویەتی لە نێو جەرگەی شاردا بە چەند گوولەیەک جەستەی گەرم و پڕ خولیاو هیوای خواناسی سارد کردۆتەوە. 
 
تۆمەتبار بە تیرۆرکردنی " خواناس وریا " کێیە؟

ئەو گەنجەی خواناسی " تیرۆر" کرد کە ناوی ( ‌ه ، ک )  لای هێزە ئەمنییەکان ناسراوەو بە بەرچاوی خەڵکەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە، لە بارەی کەسێتیەوە زۆر نەزنراوە، هێندە نەبێت کە پیشەکەی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەڵام گەنجێکی توندڕەوی بیروڕا ئیسلامی بووە، لەسەری سەرەوەی واڵەکەشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی" هەر کەسێ دوژمنی پێغەمبەر بێت، دوژمنمانە تا قیامەت ". هەروەها چەندین وێنەی کەسایەتی توندڕەوی ئیسلامی ( مەلا هەڵۆی ) بڵاوکردۆتەوە.
ئەمڕۆ هەژمارەکەی لە فەیسبووک داخستووەو هێزە ئەمنییەکان بە دوایەوەن تا دەستگیری بکەن.




چەند وێستگە و نوسینی خواناس وریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسسبووک:

خواناس لەبارەی سەرەتای دەستپێکردنی بەکاری هونەریەوە نووسیوویەتی:

هەموو سوپاسەکانم بۆ باوکمە وریا گلی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک تەنها حەوت ساڵان بووم دەرگای یەکەم کاری نواندنی بۆکردمەوە کە ڕێگایەک بوو بۆ هەموو سەرکەوتنەکانم، دواتر ساڵی ٢٠٠٦ دووەم کاری نواندنم ئەنجامدا و باوکم باشترین دەرهێنەری من بووە، هەتا مردن قەرزاریم.

لە نووسینێکی تردا خواناس دەڵێت:

ڕاستییەک بۆ هەموو ئەو کەسانەی منداڵی ئەو خێزان و بنەماڵانەن کە جیاوازترن لەوانی تر کە لاشەڕن و عەشرەت و عەشرەتبازی ناکەن و بەعام ڕۆشنبیرتر و هونەرین :
بەداخەوە قوربانی یەکەمی کۆمەڵگای سەقەتن، هەمیشە پەراوێزخراو و نامۆ ڕەفتاریان لەگەڵدا ئەکرێت لە هەموو شوێنێک گاڵتەیان پێ ئەکرێت و بە ناڕاست لەقەڵەم دەدرێن، هەوڵ و هونەرەکانیان بە بێقیمەت ناو دەبەن ئەشکێندرێنەوە و ڕەئیان وەرناگیرێت، زۆرترین جار توشی شەڕ و ناخۆشی ئەبن فەقەت لەبەرەوەی پەروەردەیەکی جوانیان هەیە و قبوڵکراو نییە لای زۆرینە، بەحوکمی ئەوەی زۆرینە بەهۆی ئەوەی تۆ ئەو پەروەردە و هونەرەت هەیە و ئەو نییەتی عادەتەن خۆی بەکەم ئەزانێت، لەبەر ئەوە نازانێت چۆن شەڕت پێ بفرۆشێت هەموومان توشی ئەم جۆرە شتانە بووین..

ئەو باسی ئەزموونی خۆی دەکات :

با یەک دوو ئەزموونی بچوکی خۆمتان پێ بڵێم:

ماوەیە لە چەمچەماڵ لە کارگەیەک کارم دەکرد گرنگ نییە ناوی بهێنم، زیاتر لە چل کرێکاری تێدابوو بەمنیشەوە تەنها دوو کەسی تێدا بوو نە ڕقیان لێم بوو نەدژایەتیان ئەکرد، بەڵکو بوون بە دوو هاوڕێی زۆر باشم ئەو دووە لە دڵمدان بۆیە ناوی ئەوان لە کۆمێنتدا ئەنووسم، ئەوەی سەیر بوو پێش ئەوەی بچمە سەر کار لەناو کرێکارەکان هەواڵی ئەوە بڵاو بۆیەوە کە کرێکارێکی تازە دێت ناوی خواناسە و ناڵێم هەموویان، بەڵام زیاد لە ٣٠ کرێکاریان منیان ئەناسی و ئەیانزانی شانۆکارم و بیر و باوەڕم ئازادە و ئاینی نیم و خەریکی سەماکردن و کاری هونەریم، بەڵام وەختێک چوومە سەر کار یەک یەک ئەهاتن ئەیان پرسی ناوت چییە و پیشەت چییە و ناتناسین و ئەم قسە قۆڕانە بەس بۆ یەک شت. تەنها بۆ ئەوەی بپرسن بۆچی باوەڕت بە هیچ ئاینێک نییە و دەمم بکەنەوە بۆ ئەوەی قسانێک بکەم کە پێیان ناخۆشە و دواتر شکات بکەن و دەرم بکەن، بیرمە یەک ڕۆژ ئۆفم وەرگرت بۆ ئیسراحەت هەموویان کۆببونەوە لەکاتی ئیسراحەتدا باس باسی من بوو بەجدی من شتێ گەلێ موهیم نیم بەس مەبەستم لەو مێشک بەتاڵییەی ئەو خەڵکە کرێکارە بێ ئیشەیە کە ناتوانن بۆ خۆیان بژین تەواوی چوار مانگ بۆ من ژیان کە لەوێ کارم دەکرد هەواڵم بۆدێتەوە کە نزیکەی ساڵێکە وازم لەوێ هێناوە هێشتا هەر باسم ئەکەن سەیر ئەو نەخۆشییە ترسناکە ! ،تەنانەت چەند کەسێکیان تاکو ئێستا دوو ڕکات نوێژیان نەکردووە شکاتیان لێ کردبووم کە دەربکرێم جا با سەرتان نەهێشێنم ئەوە هەنێکی بوو باسم کرد زۆری مابوو باسم نەکرد کە بەدەستی ئەنقەست جنێویان بە مەسیحیەت و هونەر و شانۆکار و هەموو جوانییەک ئەدا بەس بۆ ئەوەی منیش جنێوێک بدەم و لەسەرم بکەوێت و خۆم بخەمە مستەوای ئەو عەوامە
جارێکی تر لە گەیم سەنتەرەکانی ناوبازاڕی چەمچەماڵ لەگەڵ هاوڕێیەک بۆ یاریکردن سەردانمان ئەکرد دوکانداری تێدا بوو بەوانی تری وتبوو نەهێڵن خواناس بێتە دوکانەکەی من بۆ یاری کردن..ئەلحوکمو لیلا

جارێکی تر لە چاخانەیەک دانیشتبووم گەنجێکم لێ پەیا بوو وتی مام خواناس دەستخۆشیت لێکەم سەرکەوتوو بیت ئێستا لەو کافترایایە دانیشتبووم پێنج شەش کەس باس تۆیان ئەکرد ئەیان وت ئەیتۆپێنین ههههه لاحەولەوەلا

زۆری ترم هەیە باسی بکەم بەڵام هەستەکەم ئەبێتە چەنەبازی،بۆیە ئەو هاوڕێیانەی وەکو من بەشانازییەوە لە بنەماڵەی ڕۆشنبیر و هونەردۆستن و شەڕانی و عەشرەتباز نین و خاوەنی بیر و باوەڕی ئازادن دڵ لەدڵ مەدەن ڕەنگە من زۆر زیاترم دیبێت لەوەی ئێوە چونکە دەمدرێژ ترم و ناتوانم بێدەنگ بم هەموو کاتێ،تکاتان لێکەم وەکو خۆتان بمێننەوە و مەگۆڕێن بۆ خەڵکی چوزانم ملیۆنێ هاوڕێ تەرک بکەن و بیگۆڕن خۆتان نا ملیۆنێک کار و کەسابەت واز لێبهێنن و بیگۆڕن بەڵام خۆتان نا خۆتان مەدۆڕێنن بتان بینم بە سەرکەوتوویی.

لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە نووسیوویەتی:

ئێمە وەک نەتەوەی کورد تەنها یەک جەژنمان هەیە، ئەویش جەژنی "نەورۆزە" ئێمە دۆستی ئاگرین.
 بۆ زانیاریتان بۆیە ئەمە پۆست ئەکەم چونکە من هەمیشە دژی دووڕووییم و هەرگیز دووڕوو نەبووم.

لەبارەی ماریاوە ئەو کچەی لەهەولێر لەلایەن براکەیەوە ٢٠٢١ کوژرا نووسیوویەتی:

مــــاریـــا" بۆ ڕوحی تۆ....

لەدوێنێوە شەش جار توشی شەڕ هاتم،هەزار شەڕی تر ئەکەم
"درێژە بەم شۆڕشە بدەن"..
...
قەحپەی دەسەڵات،حەیــا تکاو
گەوادی حزبی تۆقیو لــــــە لاو
بەزمانی خۆت و شەقەکــــانت
گوو بەگۆڕی باوک و بــاپیرانت
شەلاتی و خــــــــوێڕی بندیوار
بەرەڵای نـــــاو کوچەکانی شار
گاز ئەگــــــرن وەک سەگی هار
لاتی بێ شەرەف تێڵا بەدەست
قۆندەرەی هەژاری بێ هــەست
بەرازی پیس کۆیلەی مافخوراو
ســــەگی بەردەرگا و ناو چڵکاو
درەنگ یان زوو..
بەشــــەق و زلـە بە تف و جنێو

 خواناس_وریا_گلی لە دواهەیمی پۆستیدا پێش تیرۆرکردنی نووسیوویەتی:

"من ئەو قەترە شەونمەم کە "بەختیار عەلی" لە قەسیدەی "عەشق"دا باسی دەکات".




PM:07:27:23/06/2023