لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا یەکێتی و پارتی لەسەر بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێک رێکنەکەوتوون


کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی کە لەلایەن یەکێتییەوە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکردو لەلایەن پارتیەوە فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتی دەکرد، رێککنەکەوتوون لەسەر دەرکردنی راگەیاندنێک، بەڵام بڕیاردراوە دوای جەژنی قوربان جارێکی تر کۆببنەوە لەسەر پرسە ناوخۆییەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر یەکخستنی هەڵوێست بووە بەرامبەر بەغداو بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەگرێتەوە. کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک لێک نزیکبوونەوە لە نێوان وەفدی پارتی و یەکێتیدا هەبووە، بەڵام لەسەر دەرکردنی راگەیاندنێک لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رێکنەکەوتوون، بڕیارە دوای جەژن جارێکی تر کۆببنەوە. بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو راگەیاندنەی لەلایەن پارتیەوە هەوڵدراوە دەربکرێت، بڕگەیەکی تایبەت بووە بە پشتگیریکردن لە کابینەی مەسرور بارزانی، کە یەکێتی داوای کردووە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر کاروبارەکانی حکومەتی هەرێم بکرێت، هەر لەبەرئەوەشە یەکێتی جەختیکردۆتەوە کە راگەیاندنەکە دەرنەکرێت. 

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە دوای بڕیاردان لەسەر بودجەی عێراق کە جارێکی تر ئەم دوو هێزەی لەیەك دوورخستەوەو بەیەک ئەجێندا نەچوونە ناو کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە، سەرباری سازدانی چەندان کۆبوونەوە، خاڵی جەوهەری ئەو ناکۆکیانەش دانانی خاڵێک بوو لە بودجە کە ئەگەر داهاتی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشنەکرێت، ئەوا حکومەتی ناوەندی پشکی ئەو پارێزگایە بەتەنها بنێریت، نەک لەگەڵ پشکی هەرێمدا، ئەم خاڵە یەکێتی زیادیکردو پارتی نیگەران کردو بە خاڵی لاوازکردنی هەرێم ناوزەدی کردو، دوای بودجە شەڕێکی میدیای توند جارێکی تر لە نێویاندا دروستبووە، تا ئەمڕۆ کە وەفدی پارتی بە سەرۆکایەتی فازل میرانی و ئەندامێتی هۆشیار زێباری و سیداد بارزانی و فوئاد حوسێن و مەحمود محەمەد و زاگرۆس فەتاح، سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یان لە هەولێر کردو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت و شێخ جەعفەر و شاڵاو عەلی عەسکەریەوە پێشوازی کران و، بابەت و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە.  



PM:11:58:26/06/2023