کەجەکە: مەترسی لەسەر ژیانی دوو زیندانی باکور لە هەولێر هەیە


کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لەبارەی ئەو دوو کوردەی باکور کە حوکمدراون لەسەر کوشتنی سیخورێکی تورک لە هەولێر، دەڵێن" لە کاتێکدا ئەم دوو گەنجە حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، ئەو سیخوڕانەی میت کە تا ئێستا  بوونەتە هۆی شەهادەتی بە دەیان شۆڕشگێڕی کوردی لە خاکی باشوردا، بە بێ ئەوەی کە بگیردرێن یان بچووکترین لێپرسینەوەیەکیان لە گەڵ بکرێت بە ئاسانی لە ناو شار و گوندەکانی باشوری کوردستاندا تەراتێن دەکەن".

لەو راگەیاندنەی کەجەکە دا کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی سپی نێدراوە هاتووە" ماوەی پێنج ساڵە کە دوو گەنجی کوردی باکوری کوردستان بە ناوەکانی مەزلۆم داغ و عبدالرحمن ئەر بە تۆمەتی کوشتنی سیخۆڕێکی میت لە هەولێر زیندانی کراون. دەسەڵاتێک کە خۆی وەک دەسەڵاتێکی کوردی پێناسە دەکات، تەنیا لە پێناو جێبەجێکردنی داخوازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەم دوو گەنجە نیشتمانپەروەرە دەرکردووە".

لە بارەی دۆخی زیندانیانەوە لە بەندیخانەکانی هەرێم، کەجەکە دەڵێت "  هەر بۆیە مەزڵۆم داغ و عبدالرحمن ئەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گوشارانە ئەمە جاری سێهەمە کە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە. دوو جاری پێشوو بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی پەدەکە بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دابوو، دەستیان لە مانگرتن هەڵگرتبوو. بەڵام پەدەکە بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیان هەڵسوکەوتیان کرد و نەک هەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکۆ گوشارەکانیان زیاتر کرد. هەربۆیە ئەوە بۆ ماوەی ٤٤ رۆژە کە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە و بەو هۆیەوە تا دێت دۆخی ژیان و تەندروستییان خراپترو خراپتر دەبێت. وێرای هەموو بانگەوازییەکان، بەتایبەتی بانگەوازی بنەماڵەکانی هەر دوو گەنجی زیندانی، پەدەکە سوورە لە سەر سیاسەتی گوشار و بەو هۆیەوە مەترسی جیددی لە سەر ژیانی هەر دووکیان هەیە."



AM:09:58:02/07/2023