بانکی ناوەندی: لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا ٦٤ تریلیۆن دینار کورتهێنان هەیە

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد، قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق بۆ ٧٠ تریلیۆن دینار هەڵکشاوە و کورتهێنانی بودجە یەکێکە لە کێشە گەورەکان.

ئەمڕۆ شەممە ١٥ی تەموزی ٢٠٢٣ عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: "چەندین بەربەست و ئاڵنگاری لە بەردەم ئابووریی عێراقدایە، لەوانە لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا ٦٤ تریلیۆن دینار کورتهێنان هەیە، بەڕاستی ئەوەش لەبەردەم ئابووری و بانکی ناوەندیی عێراقدا بەتایبەت یەکێکە لە کێشە گەورەکان''.

ئاماژەی بەوەش دا: یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە قەرزی ناوخۆیی زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٧٠ تریلیۆن دینار، ئەوەش فشارێکی زۆر دروست دەکات لەسەر کەرستەکانی سیاسەتی دراو.

عەممار خەلەف وتیشی، "وێرای ئەوەی چەندین تێبینیان هەیە، بەڵام بەم دواییانە خەڵک ڕوو لە کارتی ئەلکترۆنی دەکەن بۆ ئەوەی مامەڵەی کاش کەم بێتەوە و کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە شەش ملیۆنەوە زیادیان کردووە بۆ ١٦ ملیۆن، هەروەها ئامێری ڕاکێشانی پارەش لە ٩١٨ ئامێرەوە بووەتە ١٠ هەزار ئامێر، بانکی ناوەندی چەندین ڕێکاری گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرز بێتەوە".

باسی لەوەشکرد، ئەگەرچی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە بانکی ناوەندی جێگیرە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لە بازاڕدا بەهای دۆلار بەرزە و نامانەوێت دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.


PM:09:53:15/07/2023