ئەمەریكا لێخۆشبوونی نوێ‌ بۆ عێراق دەردەكات تا پارەی كارەبای ئێران بدات


ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لێخۆشبوونی نوێی بۆ عێراق ئیمزاكردووە كە رێگەی پێدەدات پارەی كارەبای ئێران بدات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە، "واشنتۆن هیوادارە ئەو لێخۆشبونە كە بۆ ماوەی (120)رۆژە فشاری ئێران لەسەر عێراق كەم بكاتەوە لەپێناو بەدەستهێنانی شایستە دارایەكانی، كە پێشتر تەنها لەئەژماری بانكی كۆتوبەنكراو لەعێراق دادەنرا".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "تاران فشار لەبەغداد دەكات بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەمریكا بۆ خەرجكردنی پارەكانی لەرێی راگرتنی هەناردەی غازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق كە ئەوەش توانای بەرهەمهێنانی كارەبای كەمكردۆتەوەو ناچاری كردووە بەم وەرزی گەرمایە پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان كەم بكاتەوە".

رۆیتەرز دەڵێت "لێخۆشبوونە تازەكە رێگە بە عێراق دەدات پارەی كارەبای ئێران لە ئەژماری كۆتۆبەندكراو لە بانكەكانی دەرەوەی عێراق دابنێت، بەڵام ئێران هێشتا پێوستی بە رەزامەندی ئەمریكایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پارانە و ناتوانێت لە لەدەرەوەی پێداویستیە مرۆییەكان مامەڵەی پێوەبكات".  



AM:11:36:19/07/2023