"عێراق دەستبەرداری هاوردەكردنی گاز و كارەبای ئێران دەبێت"

حكومەتی عێراق كار دەكات بۆ ئەوەی تا ساڵی ٢٠٢٩ دەستبەرداری ھاوردەكردنی گاز و كارەبا بێت لە ئێران.

حكومەتی عێراق دەیەوێت لەڕێگای جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەوە، تا ساڵی ٢٠٢٩، سووتاندنی غازی ھاوەڵ چارەسەر بكات، ھەروەھا دەوێت دەستبەرداری ھاوردەكردنی غاز و كارەبا بێت لە ئێران.

رۆژی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣ وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی چوار گرێبەستیان لە بواری وزەدا (بەرھەمھێنانی نەوت، غاز و كارەبا) واژوو كرد كە بەھاكەی ٢٧ ملیار دۆلارە، لەچوارچێوەی گرێبەستەكاندا، چوار پرۆژەی گەورە لەلایەن كۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی لە بوارەكانی بەرھەمھێنانی نەوت، گاز و كارەبا لە عێراق ئەنجام دەدرێن و لە قۆناغی یەكەم و دووەمی پرۆژەكاندا، وەبەرھێنان لە گازی ھاوەڵ دەكرێت بە توانای ٦٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێكدا.

عێراق ساڵانە، بە بەھای چوار ملیار دۆلار لەسووتاندنی گازی ھاوەڵ بەھەدەر دەدات، ئەمە جگە لەوەی عیراق لەساڵی ٢٠٢٠دا، بووە دووەم خراپترین وڵات لەسەر ئاستی جیھان لەڕووی سووتاندنی گازی ھاوەڵ كە بڕەكەی گەیشتووەتە ١٨ ملیار مەتر سێجا.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكراشی كردبوو كە بەجێبەجێكردنی گرێبەستانەی كە لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی واژوویان كردووە، وەبەرھێنانی زیاتر لە كەرتی وزە دەكەن، بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داھاتوودا، عێراق بكەن بە ناوەندێكی گرنگ لە بازاڕی گازدا.

بە وتەی بەرپرسانی عیراق، بە تەواوكردنی ئەو پرۆژانەی كە لەچوارچێوەی گرێبەستەكاندا لەلایەن كۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی-یەوە جێبەجێ دەكرێن، عێراق لەڕووی داھاتەوە، ٩٥ ملیار دۆلاری دەست دەكەوێت.



PM:04:09:25/07/2023