سەبارەت بەچۆنیەتی ناردنی مووچە لەلایەن سودانییەوە روونكردنەوە دەدرێت


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە ئەوان رێگربووبن لەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق راستەوخۆ مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات.

عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "تیمی تەكنیكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی داوایكردووە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بابەتەكانی دیكەی تایبەت بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جیابكرێتەوە و پرسەكان وەكو یەك پاكێج مامەڵەیان لەگەڵدا نەكرێت".

ناوبراو رەتیشیكردەوە كە حكومەتی هەرێم داوای لە حكومەتی عێراق كردبێت لە هەمان كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكرێت.

ئەو لێدوانەش لە كاتێكدایە شەوی رابردوو جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، سودانی پێی وتووە كە ئامادەبووە هەموو 18ی مانگێك هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچە بخاتە سەر هەژماری فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەو داوایەی رەتكردۆتەوە و داوایكردووە مووچەی هەرێم بە یەك پاكێج رەوانە بكرێت.



PM:10:24:25/07/2023