" سپی " دیوێکی رانەگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ ٣٠ ی تەموز هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە دەباشان لە سلێمانی کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە رێککەوتنی خۆیان لەسەر پێنج خاڵ راگەیاند، " سپی " زانیوویەتی جگە لەم پێنج خاڵە، هەردوو لایەن لەگەڵ ئەوەدا بوون کە لە کەرکوک بە دوو لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " هەردوولا لەسەر پێکهێنانی یەک لیست بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک رێکنەکەوتوون، بەلآم بڕیاریان داوە ئەم جیاوازییە نەکەنە مایەی ناکۆکی نێوانیان و، رێککەوتوون لەسەر ئەو ناوچە جێناکۆکانەی کە دەنگدەری کورد ژمارەیان کەمە پێکەوە یەک لیستیان هەبێت.

لە بارەی بەشداریکردنیان بە دوو لیستی جیاواز لە پارێزگای کەرکوک، هەر دوولایەن، پارتی و یەکێتی بەجیا هەوڵدەدەن لەگەڵ لایەنە کوردیەکانی تردا هاوپەیمانێتی پێبکهێنن، وەک خۆیان ئاماژەیان بۆ کردووە تا دەنگی هاولآتی کورد نەفەوتێت.

لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکانی ترەوە، هەردوولا کار بۆ ئەوە دەکەن لە رێگای کاندیدی هاوبەشەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

لە دەرەوەی ئەم خاڵەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، یەکێتی و پارتی وەک رایانگەیاند رێککەوتوون لەسەر:
 
یەكەم: هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.

دووەم: بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە هەموو روویەكەوە كێشە و جیاوازییە بچووكەكان بەلاوە بخرێن و روو لە پێكەوە چارەسەركردنی كێشەكان بكەین.

سێیەم: بڕیارماندا پرۆسەی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

چوارەم: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێككەوتنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.

پێنجەم: لە پێناو زیاتر لێكنزیكبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەركەوتن بەسەر كۆسپەكاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی كوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان.





PM:08:31:30/07/2023