دادگای فیدراڵی تایبەت بە یاسای بودجەی گشتی عێراق کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی ئابی ٢٠٢٣ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی کە دژی یاساى بودجەى گشتى تۆمارکراون کۆببێتەوە.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەسەر تۆمارکردنی چەند سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە دژى چەند بڕگە و ماددەیەکى ناو پرۆژە یاساى بودجەى گشتی تۆمارکراون.

سکاڵایەکیان لەلایەن مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) لەبارەی ماددەکانی (١١، ١٢، ١٣) کە تایبەتە بە پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسایی بوودجەدا تۆمارکراوە.

هەروەها سکاڵایەکی دیکە کە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی گفتوگۆی لەبارەوە دەکات لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە تۆمارکراوە.

سکاڵاکەی سودانی دژی بڕگەکانى ماددەی (١٢)یە لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا کە تایبەتن بە دەسەڵاتدان بە پارێزگار بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ وەبەرهێنەران.

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرجەم ماددەکانی پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) پەسەندکرد.

پرۆژە یاساكە بۆ هەر ساڵێك نزیكەی ١٩٩ ترلیۆن دینارە و پشكی هەرێمی كوردستان نزیكەی ١٦ ترلیۆن دینارە و هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ بكات.


AM:11:06:07/08/2023