پارتی و یەکێتی لە بەغداد کۆبوونەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئابی ٢٠٢٣ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بەغداد لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی کۆبووەوە. 

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە ماڵی مام جەلال لە بەغداد پێشوازی لە وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی کرد و ڕایگەیاند" هیوادارم پێكەوە دوور لە چەسپاندنی ئیرادە و سڕینەوەی یەكتر خەبات بۆ خاك و خەڵكەكەمان بكەین". 

سەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاند" بڕیاردرا هەنگاوی جدی و كردەی بە ئاڕاستەی زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا بنرێت و پارێزگاری لە سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و كۆمەڵایەتی بكرێت". 

ئەوەش هاتووە" لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و پاراستنی مافی مووچەخۆران جەختیلێكرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجە مافەكانی هەرێم پارێزراوبێت، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆكان و لێكتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەكان كرایەوە بەشێوەیەك یەكڕیزی نێو ماڵی كورد پارێزراوبێت و هەمووان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكاندا هەنگاوبنێن". 

ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە دەباشان کۆبوونەوە کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیان پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بوو. 


PM:09:39:09/08/2023