عێراق فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا بەكاردەهێنێت

وەك هەوڵێك بۆ رێگریكردن لەدووبارەبوونەوەی رووداوەكانی تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا لە عیراق، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بڕیاریدا فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا بەكاربهێنرێت.
 
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "محەمەد شیاع سوودانی، فەرمانی دەركردووە بەشێوەیەكی بەردەوام فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بەسەر تاوەرەكانی كارەبادا بسووڕێنەوە، بۆ پاراستنیان لەهەر هەوڵێكی تێكدەرانە".

لەچەند رۆژی رابردوودا، چەندین تاوەری كارەبا لەناوچە جیاجیاكانی عیراق، بەتایەتیش هێڵی گواستنەوەی كارەبای نێوان وێستگەی (سەڵاحەدین - حەدیسە) و هێڵی رۆژهەڵاتی (بەغدا - دیالە)، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە تەقێندرانەوە، كە بووە هۆی پچڕانی تەزووی كارەبای نیشتمانی لەو ناوچانە.

لەكاردانەوەی ئەم رووداوانە، كە تائێستا ئەنجامدەرانی ئاشكرا نەكراون، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، بڕیاریدا بە سزادانی سەرجەم ئەو ئەفسەرە ئەمنییانەی كە ئەرك و بەرپرسیارییەتیان لەو ناوچانە هەیە كە تاوەرەكانی كارەبای تێدا تەقێندراوەتەوە.

هاوكات، لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، "پلانێكی تۆكمە داڕێژراوە بۆ پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا لە كاری تێكدەرانەو تەقاندنەوە، ئەویش بە زیادكردنی هێزی هەواڵگری لەو ناوچانەی تاوەرەكانی لێیەو بەكارهێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لە ئاسمانەوە".


AM:12:25:12/08/2023