وتەبێژی حكومەتی عێراق لەبارەی بودجە و دۆلار زانیاری نوێی ڕاگەیاند

وتەبێژی حكومەتی عێراق زانیاری لەبارەی بوودجە و نرخی دۆلار زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت" لەگەڵ خەرجکردنی پارەی دیارکراوی بودجە، هیوادەخوازین لە مانگی داهاتوودا ببێتە هۆی دابەزینی زۆر گەورەی نرخی دۆلار". 

باسم عەواد وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە" هیوادارین خەرجكردنی پارەی تەرخانكراو لە بودجە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕدا". 

وتیشی" بە خەرجکردنی پارەی تەرخانکراو لە بودجەدا بە واتای فەراهەمبوونی پارە دێت، بۆیە ئەو پارانە بەرەو وەزارەت و دەستەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکان و ئۆرگانە سەربەخۆکان و تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەردەست دەبێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ڕاوێژکارانی دارایی لە حکومەت هیوا دەخوازن، لەگەڵ خەرجکردنی پارەی دیارکراوی بودجە، لە مانگی داهاتوودا ببێتە هۆی دابەزینی زۆر گەورەی نرخی دۆلار.

وتەبێژی حکومەتی عێراق هێمای بۆ ئەوەش کرد کە" بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی نرخی دۆلاری ئەمریکی لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەدا هاتووە کە دوای قەدەغەكردنی ١٤ بانكی عێراقی لە مامەڵەكردن بە دۆلار هات، بەو پێیەی ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ هەبووە، ئەمە جگە لە شێوازی مامەڵە و كاركردنی مامەڵەكاران بە دۆلار". 

عەوادی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا باسی لەوەشکرد، ئەو مامەڵەكارانەی دۆلار لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە ئەزمونێکی دورودرێژیان هەیە، بە "شارەزایی و فێڵبازی" جمجۆڵ دەكەن، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەرنامەی حكومەت بەپێی پلانی بانكی ناوەندی و بانكە بازرگانییەكان روونە، بۆ راستكردنەوەی كارەكان و رۆیشتن بە ئاراستەی بازرگانی كڕین و فرۆشتنی دۆلار لە رێگەی بانكی ناوەندی و بە رێگە دروستەكانەوە.


AM:08:37:14/08/2023