روونكردنەوە لەسەر شێوازی دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەدرێت


نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكان دیاریكراوە و لە ئێستادا هاوڵاتییان دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕمی داواكاری پێشكەش بكەن.

توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە، لە دوو هەفتەی رابردوودا كە فۆرم كارا كراوە، 11 هەزار و 160 كەس فۆڕمیان پِڕ كردووەتەوە و پرۆسەكەش تاكو 30ی تشرینی دووەمی 2023 بەردەوام دەبێت، بە پێی داتای حكومەت نزیكەی 200 هەزار خێزانی كرێنشین هەن، لە هەنگاوی یەكەم نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دیاریكراون، بەپێی یاسای نیشتەجێكردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت.

سەبارەت بە نیگەرانی هاوڵاتیان بۆ زووپڕكردنەوی فۆرمەكان، ناوبراو وتویەتی، لەو 90 رۆژەدا هەركات فۆرم پڕبكرێتەوە جیاوازی نییە و داتاكان شی دەكرێنەوە، تا ئەوكاتەی سیستمەكە دادەخرێت. دواتر زانیارییەكان دەنێردرێنە یەكە كارگێڕییەكان و وردبینیان بۆ دەكرێت، لە رێگەی دامەزراوە تایبەتەكانەوە پشكنین بۆ زانیارییەكان دەكرێن. دوای گەڕانەوەی ناوەكانیش گرێبەستیان لەگەڵ دەكرێت و پێیان دەبەخشرێت.


توانا بەشیر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم پرۆسەیە ئەلیكترۆنییە و خۆكارانە كار دەكات، داتاكان لە دەستی مرۆڤ دوورن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییە و دەستوەردانی تێدا ناكرێت. دوای تەواوبوونی وادەی پڕكردنەوە، بە كەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەكان پاكتاو دەكرێن و كاروبارەكانیان تەواو دەبن، دوای وردبینی لە یەكە كارگێڕییەكانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لێوە دەدرێت.

یەكەكانی نیشتەجێبوون، نۆ هەزار و چوار یەكەیە و دەكەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، زۆرینەشیان دەكەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێكیان نزیكن لەوەی تەواو ببن و بەشێكیشیان لە بواری جێبەجێكردندان.



AM:09:33:25/08/2023