دارایی روونكردنەوە لەسەر ناردنی ٥٩٨ ملیار دینارەكەی بەغدا دەكات

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە ئەوان داوایەك حكومەتی عێراقیان بۆ رەوانەكردنی ٥٩٨ ملیار بۆ مووچە رەتكردبێتەوە.


ڕونكردنەوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

ماوەی چەند ڕۆژێكە لەچەند كەناڵ و دەزگایەكی ڕاگەیاندن هەواڵێك لەزاری سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی ٥٩٨ ملیار دیناری وەك قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم ڕەتی كردۆتەوە ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت.   
بۆ ڕای گشتی و سەرجەم میدیاكانی ڕوون دەكەینەوە؛    
١- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێك بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاو بكرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەك لەپەیجی فەڕمی خۆمان بڵاو نەكرێتەوە جێی متمانەو باوەڕ نییە.   
٢- بەهیچ جۆرێك لەلایەن تیمی تەكنیكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە ئاگادار نەكراوینەوە لەبونی پێشنیارێكی لەو جۆرە تا ڕەتكرابێتەوە.       
٣-وەك وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بەجێبەجێكردنی سەرجەم مادەو بڕگەكانی یاسای گشتی بودجەی عێراق دوپات دەكەینەوەو هیوادارین حكومەتی عێراقیش یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكات.       
٤- هەركات بڕیاری ناردنی هەر بڕە پارەیەك لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دراو خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتمان، بەشێوەیەكی فەڕمی ڕایدەگەیەنین وەك چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە.



PM:10:00:29/08/2023