"حزبە کوردییەکانی ئێران چالاکییە سەربازییەکانیان سنوردار کردووە"

سوپای پاسداران لە سەروبەندی ساڵیادی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا جارێکی دیکە فشارەکان بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێم چڕتر دەکاتەوە، ئەندامێکی ناوەندی بەڕێوەبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت" کۆمەڵگەی نێودەوڵەوتی و حکومەتی عێراق و هەرێم نابێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بێدەنگ و بێ هەڵوێست بن". 

محەممەد نەزیف قادری ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ئێمە بە بەردەوامی ڕامانگەیاندووە کە خاکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سەربازی لە دژی هیچ لایەنێک بەکارناهێنین و بۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هەر بیانوویەک بییەوێت هێرش بکاتەوە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکان و سنوور و سەروەری عێراق و هەرێم پێشێلبکات، ئەوا نابێت عێراق و هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت هێزە هاوپەیمانەکان و ئەمەریکا بەرامبەر بەو کارەی ئێران بێدەنگ بن". 

هەر لەمبارەیەوە ‏خالید عەزیزی وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند" کۆماری ئیسلامی بە دوای بیانوویە و دەیەوێت ڕای گشتی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات و لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا وەک بیانوویەک کەڵک لەو پرسە وەربگرێت بۆ ئەوەی قەیرانە سیاسییەکانی نێوخۆی پێ دابپۆشێت". 

هەر لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێکی حکومەتی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت وتی" حکومەتی ناوەندی عێراق لە هەوڵی گواستنەوەی ئەو حزبانەدایە بە زووترین کات و پێویستە ئەو کارەش بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجام بدرێت، حکومەتی عێراق بەنیازە تا ١٩ی مانگی نۆ ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات و حزبەکان بگوازێتەوە بۆ ناو کەمپێک و لە چەک دایانماڵێنێت". 

حزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران، دوای چەند دەیە خەباتی چەکداری، وردە وردە چالاکییە سەربازییەکانیان سنووردار کردووە و لە نەوەدەکانەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێککەوتنێکی نەنووسراویان کردووە کە ئەگەر چالاکی سەربازی نەکەن ڕێگەیان پێدەدرێت لەو وڵاتە بمێننەوە و دڕێژە بە چالاکی سیاسی خۆیان بدەن.

تا ئێستا بە وردی شوێنی جێگیرکردنی ئەندامانی حزبە کوردییەکان و ئەو کەمپەی باسی لێوە دەکرێت نەخراوەتە ڕوو. محەممەد نەزیف قادری دەڵێت" ئێمە هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بەو کەمپە نییە و نە حکومەتی عیراق و نە هەرێمی کوردستانیش هیچ شتێکیان سەبارەت بەو کەمپە لەگەڵ ئێمەدا باس نەکردووە و ئێمە ئەو کەمپەی ئەوان باسی لێوە دەکەن، ڕەتیدەکەینەوە". 

دەشڵێت " ئێمە کەمپی خۆمانمان هەیە و ئەوەی لە کەمپەکەدا دەژی، کارمەندی هەرێمی کوردستان و خوێندکار و خەڵکی مەدەنین و هەڕەشە و پێشێلکارییەکانی ئێران هیچ پاساوێک هەڵناگرێت". 

بەڵام خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ئێران دەیەوێت ئەندامانی حزبەکان بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی موسڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی عێراقدان". 

محەممەد نەزیف قادری سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت" هەم پارتی دیموکراتی کوردستان و هەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستیان باش و نەتەوەیی بووە و ئەوان دەزانن داواکارییەکانی ئێران عەقڵانی نییە و بە خۆشحاڵییەوە تاکو ئێستا هەڵوێستێکی خراپیان نەنواندووە کە وابکات هەستی خەڵکەکەمان بریندار بێت". 


PM:08:00:30/08/2023