وەزیری دارایی عێراق په‌یامێكی له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌

وەزیری دارایی عێراق له‌په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، "هه‌رێمی كوردستان بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ زیاتر له‌ پشكی خۆی له‌ بودجه‌ وه‌رگرتوه‌، پشكەشی بۆ شه‌ش مانگی دوه‌می ئه‌مساڵ بڕی ترلیۆنێک و ٥٠٠ ملیار دینارە".

ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٣، بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،" لیژنەی دارایی بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی و بە ئامادەبونی ئەندامەكانی میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی كرد، لەكۆبونەوەكەدا كۆمەڵێك تەوەر گفتوگۆیان لەسەر كراوە، لەوانە كۆكردنەوەی گومرگ و باج بەشێوەی ئەلیكترۆنی، گفتوگۆكردن لەسەر تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی، پلەی كار و گرێبەستەكان لە بودجەدا، هەروەها دابینكردنی بودجە بۆ پارێزگاكان و ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە" .

سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، كارەكانی لیژنەی دارایی بە پەسەندكردنی بودجەی گشتی كۆتایی نایەت، بەڵكو كارەكانی بەردەوامن لە بەدواداچون بۆ دەركردنی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە بۆ چارەسەركردنی هەمو كێشەكان.

لەكۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی ڕونكردنەوەیەكی وردی لەبارەی دۆسیەی باج و گومرگی و گرنگی جێبەجێكردنی بەشێوەی ئەلیكترۆنی داوە، بۆ ئاسانكاری مامەڵەی دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی بەربڵاوی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ و باج و نەبونی ژێرخانی دەروازە سنورییەكان بۆ جێگیركردنی ئامێرە مۆدێرنەكان بۆ پەیوەندی ئەلیكترۆنی.





PM:06:20:09/09/2023