شاخەوان عەبدوڵا: تا ئەم هەفتەیە چاوەڕێی نەناردنی مووچە دەكەین و دواتر بژاردەكان كراوەن


شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداری لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات و دەڵێت "تا كۆتایی ئەم هەفتە رادەوەستین بۆ چارەسەركردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، دواتر سەرجەم بژاردەكان لە بەردەم نوێنەرانی خەڵكی كوردستان كراوەیە".
 
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، لەرۆژی شەممەی داهاتووەوە لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ ئەندامانی لەفراكسیونە كوردستانییەكان جگە لە نەوەی نوێ بریاریان داوە كۆمەڵێك هەنگاو بگرنەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی خەڵكی كوردستان و دانانی سنوورێك بۆ برسیكردنی خەڵك.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بۆیە هەنگاوی یەكەم، كێشەكەمان رۆژی شەمە بردە پەرلەمان و هاوسۆزییەك دروست بوو كۆمەڵێك بڕیار درا ، هەروەها هەمان رۆژ ئیوارەكەی و لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەگەڵ د.فوئاد حسێن و بە روونی داوامان كرد دەبێت سنوورێك بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابنرێ، بەتایبەتی دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە".

شاخەوان عەبدوڵا روونیكردۆتەوە "بریاردرا رێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە، بەڵام دوێنێ لەگەڵ زۆریك لە هێزە سیاسییەكان و سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش باسم لەوەكرد ئێمە وەكو نوێنەرانی كورد تا كۆتایی ئەم هەفتە رادەوەستین بۆ چارەسەركردن و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، لە دوای ئەوە هەموو ئەو رێكارانەی پێویستە لەسەرمان دەیگرینە بەر و سەرجەم بژاردەكان لە بەردەم نوێنەرانی خەڵكی كوردستان كراوەیە".




PM:02:39:11/09/2023