مەسرور بارزانی بۆ مووچە پەنا بۆ ئەمەریكا و ئێران دەبات


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە)، بۆ رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پەنا بۆ وڵاتی ئێران و توركیا دەبات.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ ناوبراو لە دوو كاتی جیاوازدا لەگەڵ ئەلینا رۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كۆبۆتەوە و تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانیان، تاوتوێكردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بوو لە یاسای بودجەی فیدراڵدا.

بەپێی راگەیەنراوەكە "مەسرور بارزانی وتویەتی، ڕوونمانكردەوە كە بەداخەوە لایەن هەیە دەیانەوێ بە شێوەیەكی ناڕەوا و لە دەرەوەی یاسای بودجە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەن ، لەكاتێكدا شاندی دانوستانكاری هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەكانیان پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ كردووە. بۆیە پێویستە هاوشێوەی پارێزگاكانی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش بدرێت و مافەكانیان پێشێل نەكرێت".

وەك راگەیەنراوەكە باسیكردووە، هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەگەڵ محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و شاندێكی یاوەری كۆبۆتەوە و مەسرور بارزانی وتویەتی "هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی لەچوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێ كردووە و پێویستە حكومەتی فیدرالیش شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرێت".

تائێستا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگەكانی تەموز و ئابیان وەرنەگرتووە و وادەی دابەشكردنی مووچەش نادیارە.



PM:03:19:11/09/2023