سەبارەت بە مامەڵەی نایاسایی بە دۆلار، ئەمەریكا هۆشداری توند دەداتە عێراق


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا هۆشداری داوەتە عێراق بۆ سنورداركردنی قاچاخی دۆلار لە وڵاتەكەدا، ئەگەر نا ئەمریكا ناچار دەبێت كەرتی بانكی عێراق رووبەڕووی سزا بكاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، لە كۆبونەوەی نێوان یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا و بەرپرسانی عێراق هۆشداری توند دراوەتە بانكی ناوەندی بۆ ئەوەی مامەڵەی نایاسایی و سپیكردنەوەی دۆلار سنوردار بكەن، ئەگەر نا كەرتی بانكی عێراق بەرەنگاری سزا دەكرێتەوە.

فەرهاد عەلائەدین ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەرەوەی ڕایگەیاندووە "عێراق جدییە لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی مامەڵەی نایاسایی بانكەكان، ئەگەر بانكی ناوەندی رێكاری راستەوخۆ و كاریگەر بۆ چارەسەكردنی كێشەی قاچاخی دۆلار بدۆزێتەوە، ئەوا كەرتی بانكی عێراق پێویستی بە ئەمریكا نابێت".

لەماوەی رابردوودا ١٤ بانكی عێراقی بە تۆمەتی مامەڵەی نایاسایی بە دۆلار، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە خرانە لیستی رەشەوە.



PM:05:05:15/09/2023