دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە چەککردن و گواستنەوەی حزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان

ئێران ١٩ی مانگی ئەیلولی وەک دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق سەبارەت بە چەک کردن و گواستنەوەی حزبە دژبەرەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بارەگاکانیان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دوور لە سنوور.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، ئاژانسی هەواڵی مێهری سەر بە حکومەتی ئێران بە پشتبەستن بە هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، ڕایگەیاند" کە لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئاسایشی نێوان عێراق و ئێران ڕۆژی سێشەممە چۆڵکردنی تەواوەتی بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە".

هەر لە سەبارەت بە بارەگاکانیان ئەوە ڕونکراوەتەوە، ئەم بارەگایانە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دوور لە سنوور و هەروەها ئەو گرووپانە لە چەک داماڵراون و هەروەها هێزەکانی پاسەوانی سنووری حکومەتی فیدراڵی عێراق لەو ناوچانەدا جێگیر بوون و ئاڵای عێراقیان تێدا هەڵکردووە."

ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە بە پشتبەستن بە پابەندبوونی عێراق و ئێران بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی هاوبەش و بە هەوڵی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، چۆڵکردنی بارەگای ئەو حزبانە کۆتایی پێهاتووە و ئەنجامدراوە.

 محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە گواستنەوەی حزبەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ئەو بەرپرسە باڵایەی حزبی دیمۆکرات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بارەگا و بنکەکانی حزبی دیمۆکرات هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی خودی حزبدایە و خەڵکەکەمان هێشتا لە شوێنی خۆیاندان و سوورن لەسەر ئەوەش کە لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە".


PM:04:10:20/09/2023