چەند بڕیارێك لە حكومەتی عێراقەوە سەبارەت بە مامەڵەكردن بە دۆلار


ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەرچوو.

بەپێی راگەیەنراوەكە، یەكێك لە بڕیارەكان "جەختكردنەوە بوو لەسەر مامەڵەی سەرجەم گرێبەستە كارپێكراوە ناوخۆییەكانی عێراق بە دیناری عێراقی، تەنیا ئەو گرێبەستە بیانییانە نەبن، كە بە رێككەوتنی عێراق و لایەنی بیانی دەكرێن و بەگوێرەی رێككەوتنی هەردوولا هەژماریان لە بانكەكانی دەرەوەی عێراق بۆ كراوەتەوە".

هەروەها بڕیاردراوە "هەموو ئەو گرێبەستە نێودەوڵەتییانەی بە دۆلاری ئەمەریكی لەگەڵ عێراق كراون، دەكەونە ژێر چەتری وەزارەتی پلاندانان، تەنیا ئەو گرێبەستانە نەبن كە هەژماریان لە بانكەكانی دەرەوەی عێراق بۆ كراونەتەوە و خشتەیەك لەسەریان ئامادە دەكرێت و رەوانەی وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی دەكرێن، بۆ ئەوەی وەزارەتی پلاندانان زۆرترین بڕی دۆلاری مانگانەی پێویست دیاری بكات، كە دەبێت بانكی ناوەندی دابینی بكات و بۆ هەر دۆلارێكیش بە بەهای 1320 دینار دیاری دەكرێت و دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی، بەمەبەستی دابینكردنی بڕی پێویست بۆ ئەو گرێبەستانە".



PM:09:45:26/09/2023