" بافڵ تاڵەبانی و ماڵباتەکەی دەیانەوێت لەگەڵ بەرپرسە دیارەکانی یەکێتی لیستێک بۆ سەرکردایەتی نوێ ئامادە بکەن "

سبەی ٢٩ ی ئەیلول سێهەم رۆژ و کۆتا رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتییەو سەرکردایەتی نوێ هەڵدەبژێردرێت، بافڵ تاڵەبانی و ماڵباتەکەی لەگەڵ ماڵباتی کۆسرەت رەسوڵ و ئەندامانی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشداری کۆنگرە، سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستێکن بۆ سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، تا هەینی لە کۆنگرەدا دەنگی لەسەر بدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) وتوێژ لە نێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی تری ماڵباتدا لەگەڵ کوڕەکانی کۆسرەت رەسوڵ و ئەندامانی پێشووی مەکتەبی سیاسی بەردەوامە بە مەبەستی گەیشتن بە لیستێک کە بەلایەنی کەمەوە رەزامەندی زۆرێک لە کوادیرە پێشکەوتووەکانی یەکێتی لەسەر بێت، بەلآم تا ئێستا بەتەواوی نە گەیشتوونەتە کۆتا رێککەوتن لەسەر لیستەکە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، گەر هەموو لایەنەکانی نێو کۆنگرە بگەنە ئەو رێککەوتنە، لەو دەمەدا ئەو لیستە لە کاتی دانگدان بۆ ئەندامانی نوێی سەرکردایەتی، بەناو ئەندامانی کۆنگرەدا بڵاودەکرێتەوەو، دواتر دەنگی لەسەر دەدرێت.

لەو حاڵەتەدا گەر هەر ئەندامێکی کۆنگرەش رەزامەند نەبێت بەو لیستە دەتوانێت خۆی لە دەرەوەی ئەو لیستە کاندید بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بافڵ تاڵەبانی و کادیرانی دیاری ئەو حزبە رێککەوتنی تەواویان نەکردووە، لەسەر پرسی رێگانەدان بە وەزیرو پەرلەمانتارانی یەکێتی کە خۆیان کاندید بکەن بۆ ئەندامی سەرکردایەتی، هەرچەندە کار دەکرێت بۆ رێگا دان بەچەند وەزیرێک و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان کە خۆیان کاندید بکەن، هەرچی قوباد تاڵەبانی ئەو بڕیارە نایگرێتەوە ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە دووەم پۆستی باڵای یەکێتی بدرێتەوە بە قوباد تاڵەبانی، هاوشێوەی کۆنگرەی پارتی، بەلآم لە ژێر ناونیشانی تردا.

هەروەها تا ئێستا لەنێوان بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و ئەندامە کاریگەرەکانی نێو کۆنگرەدا رێککەوتن لەسەر ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی نوێ یەکێتی نەکراوەو دوو بژاردە لە ئارادایە کە یەکێکیان ٥٢ ئەندام و ئەوی دیشیان ٦٢ ئەندامە.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە  کە کاری لیژنەی پەیڕەو کە بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆتایی پێبێت، هێشتا تەواو نەکراوەو، سبەی هەینیش دوا رۆژی کۆنگرەیە، کە دەبێت سەرکردایەتی نوێ هەڵبژێردرێت. 





PM:10:37:28/09/2023