لەلایەن باڵی کامیل حاجی عەلی حزبێکی نوێ دامەزرێندرا

کەمێک پێش ئێستا لەلایەن باڵی کامیل حاجی عەلی، بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی دامەزرێنرا.

محەمەد بازیانی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی جیابوونەوەی خۆیان لە بزوتنەوەی ئیسلامی راگەیاند و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی" نەمانتوانی لەگەڵ باڵەکەی دیکە بگەینە ڕێککەوتن، هەر بۆیە بڕیارماندا بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی نەکەین".  

وتیشی" لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیدا نابێت، هەروەها حزبێکی نوێ بە ناوی (بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان)ی رادەگەیەنین". 

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککارە یاساییەکانی پێکهێنانی ئەو حزبە بەم نزیکانە تەواو دەبێت و پێشکەشی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت. 

لای خۆشیەوە عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی (باڵی عیرفان عەبدولعەزیز)، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ خولی دووەمی کۆنفرانسی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ڕاستەوخۆ کارەکانی ئەم کۆنگرەیە جێبەجێ دەکات". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ٣٠ی ئەیلولدا بڕیاربوو هەزار و ١٧٠ کەس بەشداری کۆنگرەکە بکەن، چونکە نیسابی یاسای تەواو نەبووە، بۆیە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

بزووتنەوەی ئیسلامی ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن کۆمەڵێک پیاوی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی  کوردستان راگەیاندرا.  

بزووتنەوە یەکەم حیزبی ئیسلامی چەکدارە کە لە کوردستانی عێراق ڕاگەیەندراوە.

بزووتنەوە ئیسڵامی لە کوردستانی عێراق ڕێکخراوەیەکی سیاسی پەروەردەیی جیھادیی ئیسلامییە و لە سەر پێڕەوی ئەھلی سوننەت و جەماعەت کار دەکات بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی  و حکۆمەتێکی ئیسلامی لە کوردستاندا دامەزراوە.

ئەم حیزبە لە کوردستان یەکەمین گرووپی چەکداری سەلەفیی جیھادی بووە کە بۆ بەدیھێنانی حکۆمەتی شەریعەتی ئیسلامی لە کوردستان دامەزراوەتەوە. 

دوای کۆچکردنی عوسمان عەبدولعەزیز براکەی علی عەبدولعەزیز کرایە رابەری حزبەکە.لە سەرەتای ٢٠٠٠کاندا دوو باڵی لێ جیا بووە، علی باپیر کە کۆمەڵی ئیسڵامی دروست کرد، هەروەها بەشێکیتریشی  لێ جیا بووە کە دواتر(ئەنسار ئیسلامی )لێ درووست کرا کە بەشیک بوو لە رێکخراوی قاعیدە.
 
بزووتنەوە دواهەمین  کۆنگرەی  ساڵی پار لە شوبات دا ساز کرد کە تیایدا لەسەر رابەرایەتی حزبەکە ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی و لە رێوڕەسمی جیادا هەردووکیان خۆیان وەکوو رابەر ناساند. 


AM:09:56:03/10/2023