لە عێراق بەرپرسێک بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بە تۆمەتی گەندەڵی بەرپرسێکی حکومەت لە پارێزگای بەسڕە دەستگیرکرا". 

دەستەی دەستپاكی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" تیمەكانمان توانییان یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی كۆگاكانی كۆمپانیای گشتی كارەبای بەسڕە بە تۆمەتی ساختەکردنی پسوڵەی کەلوپەل و دیارنەمانی بڕی ٥٥٠ ملیۆن دینار دەستگیربكەن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەرپرسەی كارەبای بەسڕە لە كاتی پشكنینی ماڵەكەی هەوڵی راكردنی داوە، بەڵام توانرا دەستگیربكرێت و ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە.

بڕیارە دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوە بەرپرسەکەی کارەبای بەسڕە بەمەبەستی دادگاییكردن ڕادەستی دادگا بکرێت. 


AM:09:16:07/10/2023