بەرپرسێکی باڵای عێراق مژدەی بەرزبوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دەدات

راوێژکارێکی ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیستمی ئاڵوگۆڕی دۆلار گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و لە مانگی داهاتوودا کێشەی دۆلار نامێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، محەمەد نەجاڕ راوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، "بەوپێیەی سیستەمی ئاڵۆگۆڕی دۆلار گۆرانکاری تێدا دەکرێت ، لە مانگی داهاتوودا کێشەی ئاڵۆگۆڕی دۆلار چارەسەر دەبێت و هاوکاری هاوڵاتیانیش لە کاتی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ کاروبارەکانیان دەکەن.

باسی لەوەشکرد، بڕیارە لە پرۆژەکەدا چەند سندوقێک بۆ بواری خوێندن، کەشوهەوا، پیشەسازی، کشتوکاڵ، سندوقی نیشتەجێبوون، دەوڵەت دروستبکرێت تا عێراق بتوانێت لەڕێگەیەوە قەیرانە گەورەکان تێبپەڕێنێت.

وتیشی:" سندوقی پەرەپێدانی عێراق پرۆژەیەکی نوێیە و لە یاسایی بودجەدا جێگیرکراوە بە مەبەستی بوژاندنەوەی ئابووری عێراق و گۆڕینی لە تاک سەرچاوەوە بۆ فرە سەرچاوەیی و بەهێزکردنی کەرتی ئابوری وڵات جێبەجێدەکرێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە و بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق چەندین رێکاریان بۆ جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار گرتووەتە بەر.



PM:04:59:11/10/2023