وتەبێژی حكومەتی هەرێم هێرشی توند دەكاتە سەر ئەوانەی واژووی دابەشكردنی مووچەی راستەوخۆیان كردووە


پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەوانەی واژووی دابەشكردنی مووچەی راستەوخۆیان لەلایەن بەغداوە كردووە نابەرپرسن.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هەر كەسێك واژۆی لەسەر ئەو یاداشتە كردووە، جا هەر كەسێك بێت، كەسێكی نابەرپرسە بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان".

ناوبراو وتیشی "هەر كەسێك دەستووری عێراقی خوێندبێتەوە، نە دەكەوێتە هەڵەی لەمشێوەوە، چونكە لەناو ئەو ماددانەی كە پەیوەستن بە هەرێمەكانەوە، بە تەواوەتی پێچەوانەی ئەم كارانەیە كە ئەوان كردوویانە، ئەم كارە پێچەوانەی دەستوورە و حكومەتی عێراق بەم داواكارییە رازی نابێت".

هەورامانی وتویەتی "لە دوای سەردانی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و ئەنجامدانی رێككەوتن لەبارەی ناردنی مووچەی 3 مانگ، كرانەوە و لێكتێگەیشتنی باش لەگەڵ بەغدا هەیە بە ئاراستەی ئەوەی كە هیچ مووچەیەكی فەرمانبەرانی هەرێم نەفەوتێت".




PM:08:24:11/10/2023