سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت رەخنە لە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم دەگرێت و دەڵێت،"هاوڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵاتی دادوەری نەماوە".
فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە "دەستوەردانی حزبی كاریگەری خراپی لەسەر حكومڕانی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەری دروستكردوە و پێویستە دەستی حزب دوربخرێتەوە لە حوكمڕانی".
ناوبراو روونیكردۆتەوە "دەستوەردانی حزبی وای كردووە كە هاووڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵاتی دادوەری نەمێنێت".
ئەو سەركردەیەی یەكێتی وتویەتی "لەعێراق دەسەڵاتی دادوەری زۆر سەربەخۆیانەتر كار دەكات و نەچۆتە ژێر كاریگەری هیچ حزب و لایەنێك، ئەوەش وای كردووە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بە چاوێكی دادپەروەرانە هاوڵاتیان لێی بڕوانن و تەواوی بڕیارەكانی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت".