ئەمڕۆ شەممە ٢١ی تەشرینی یەکەم،جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا وتێیدا چەن تەوەرێکی تاوتوێ کرد کە کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵکی هەرێم یەکێک لە باسەکان بوو.
دوای کۆبوونەوەکە جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند" پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین بەتایبەت کە دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بکرێت".
لە بەشێکیتری راگەیەنراوەکەدا هاتووە" پشتیوانی لە داواکاری و دابینکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین ".
هەروەها وتیان" هەڵبژاردن بووەتە پێویستی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی و سەقامگیری سیاسیی".
دەقی راگەیەنراوەکە بەم شێوەیە:
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە
ئەمڕۆ شەممە (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.
ئەجێندای کۆبونەوەکە، چەند تەوەرێکی لەخۆگرتبو، یەکەم: تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێم و عێراق، بەتایبەت کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن، دوەم: خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان، سێیەم: دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و دوایین قۆناغەکانی خۆڕێکخستنەوە و سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتەوایی.
پەیوەست بە دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، کۆبونەوەکە پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان هەردولا کرد، بەتایبەت کە دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بکرێت، لەبارەی خۆپیشاندان و چالاکیەکانی مامۆستایانیش، جگە لە پشتیوانی لە داواکاری و دابینکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران، بە پێویستزانرا حکومەتی هەرێم و وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان خواست و داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت لەو داهاتی ناوخۆیەی بەردەستە، هاوکاتیش لە ڕیزبەندی پێدانی موچەی وەزارەتەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ڕیزبەندی یەکەم، هەمو ئەم هەنگاوە کرداریانەش لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمدا.
لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جڤاتی نیشتیمانی جەختی کردەوە، لە بۆشایی دامەزراوەکانی حکومڕانی و پەرلەماندا، هەڵبژاردن بووەتە پێویستی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی و سەقامگیری سیاسیی، لەوچوارچێوەیەدا دوایین هەنگاوە کردارییەکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن گفتوگۆ و تاوتوێکران
لە کۆتایدا، جڤاتی نیشتمانی هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەو پڕۆژە و ڕوانین و بۆچونانەی بەشێک لە کارەکتەر و هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان خستویانەتەڕوو، لەو بارەیەوە دروستکردنی ڕوانگەی هاوبەش و تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و بەیەکەوەبڕیاردان بۆ بەهێزکردنەوەی بەرەی گۆڕانکاری کرایە ئەولەویەت، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بە کراوەیی هێڵرایەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکە ڕێکخراوەییەکان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ئەمساڵدا و بەیەکەوە کارکردن بەمەبەستی بەخۆداچونەوەی گوتاری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەهێزکردنی بەرەیەکی سیاسیی، کە وەڵامدەرەوەی پێداویستی و داخوازییە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان بێت.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣